کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هێکتار لە مەزراکانی هلیلان لە ئاگردا سووتا

17:53 - 11 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: دوو هێکتار لە مووچە و مەزراکانی هلیلان سەربە شارستانی شیروان و چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام، لە ئاگردا سووتا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە هاتنی وەرزی گەرما و هۆکاری ئەنقەست، ساڵانە بەشێکی بەرچاو لە دارستان و مووچە و مەزراکانی کوردستانی رۆژهەڵات، لە ئاگردا دەسووتێت.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، سەرجەم ٢٣٥ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە کوردنشینەکان رووی داوە کە ١٧٤ حاڵەتیان لە پارێزگای سـنە، ٣٧ حاڵەت لە کرماشان، ١٧ حاڵەت لە ئورمیە و ٧ حاڵەت لە ئیلام رووی داوە.

لە چەند ساڵی رابردوو لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا، کۆمەڵێک رێکخراوی مەدەنیی ژینگەپارێزی بۆ ئەم مەبەستە دامەزراون و چالاکییان نواندووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ئەو رێکخراوانە بە شێوەی فەرمی و بە مۆڵەتەوە چالاکییان کردووە، ئەندامانیان لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش پەروەندەسازیی قەزایی، راپێچی بەندیخانەکان دەکرێن.

ساڵانە پانتایی‌یەکی زۆر لە دارستان و مووچە و مەزراکانی پارێزگاکانی کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان ئاگریان تێبەر دەدرێت و بەرپرسانی رێژیم هیچ هەوڵێک بۆ پێشگیری لەو کێشەیە نادەن.