لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی پەتوسێدارە دوو پێشمەرگەی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی بوون.
لەم پێوەندییەدا دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
خەڵکی خەباتگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر جادەی مەهاباد ـ پیرانشار نزیک ئاوایی لکبن دەکەونە بەر هێرشی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامدا دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی هادی شێخە خەڵکی پەسوێ و ئەیوب سوڵتانی خەڵکی ئاوایی خورینج سەر بە شارستانی پیرانشار بەداخەوە شەهید بوون.
سەرەخۆشی لە هاوسەنگەران و بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین.
ڕێگایان پڕ رێبوار بێ
دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
٩ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی