کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کەس لە هێزەکانی "جەیشولعەدل" لە شەڕ دژی ڕێژیمی ئێران کوژران

11:06 - 12 بەفرانبار 2721

ڕێکخراوی "جەیشولعەدل" لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبار لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دوو کەس لە هێزەکانیان کوژراون.

ڕێکخراوی جەیشولعەدل شوناسی ئەو دوو کەسەی "غوڵام شەهـ بەخش و حەمید شەهـ بەخش" ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە چەکی قورس و نیوەقورس هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ماڵەی کە ئەو دوو کەسە لەوێ نیشتەجێ بوون و بەهۆی قورسیی شەڕەکە ژن و منداڵی ئەو بنەماڵەیەش کوژراون.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، دوای ئەوەیکە شەڕەکە درێژەی هەبووە هێزەکانی جەیشولعەدل ڕەوانەی شوێنی شەڕەکە کراون و دوو کەس لە هێزەکانیان لە گەمارۆی شەڕەکە ڕزگار کردووە.

هەروەها ڕێکخراوی جەیشولعەدل عەمەلیاتەکانی ڕۆژەکانی ٢٦ی خەزەڵوەر و ٤، ٧ و ١١ی بەفرانباری لە ئەستۆ گرت.

ڕێکخراوی جەیشولعەدل ڕایگەیاندووە، لەو عەمەلیاتانەدا چەندین کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون.

ڕێکخراوی جەیشولعەدل ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران دەست لە دوژمنایەتیی نەتەوەی بەلووچ هەڵبگرێت، چونکە لە بەرامبەر زوڵم و ستەمدا بێدەنگ نابن.