کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی ستادی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا داوای داخستنی هەموو شارەکانیان کردووە

16:40 - 21 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر، دوو ئەندامی ستادی بەرەنگاربوونەوە دژی کۆرۆنا بەنیسبەت تەشەنەسەندنی بەربڵاوی کۆرۆنا و شێوەی کۆنەپارێزیانەی بەرپرسانی ڕێژیم لەو بوارەدا ڕەخنەیان گرتووە و وتوویانە دۆخەکە بە ڕاستی مەترسیدارە.

"مەسعوود مەردانی" ئەندامی کۆمیتەی زانستیی بەرەنگاربوونەوە دژی کۆرۆنا وتوویەتی: "دۆخی مەترسیداری ئیستای کۆرۆنا پێمان دەڵێت شێوەی کۆنەپارێزییانەی دەوڵەت ئیتر وڵامدەر نییە و باشترین ڕێگەچارە داخستنی شارەکانە بەتەواویی".   

هەروەها "مینۆ موحرەز" ئەندامێکی دیکەی ئەو ستادە لەو بارەیەوە وتوویەتی: "هەندێک جار نەخۆشخانەکان ئۆکسیژێن کەم دێنن ئەمەش مەترسییەکە دوو هێندە دەکاتەوە، وەرن ببینن دۆخی نەخۆشخانەکان چەندە خراپە".

"موحرەز" باسی لەوە کردووە، بەهۆی ڕێژەی زۆری نەخۆشەکان و تووشبووانی کۆرۆنا، هەندێک لە تووشبووان بەشێوەی سەرپایی چارەسەرییان بۆ دەکرێت و تەنیا ئەو کەسانە دەخەوێندرێن کە دۆخیان زۆر خراپ و مەترسیدار بێت.