کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی پێشووی پارلمانی ئورووپا پشتیوانییان لە ''هیدایەت عەبدوڵڵاپوور'' کرد

12:35 - 3 جۆزەردان 2720

لە درێژەی هەوڵ و چالاکییەکانی سیاسەتوانانی ئورووپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر کەیسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، دوو ئەندامی پێشووی پارلمانی ئورووپا لە بریتانیا نامەیەکیان بۆ باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە لەندەن ناردووە.

''جولی وارد و جوود کێرتن"، ئەندامانی پێشووی پارلمانی ئوروپا لە نامەیەكدا بو باڵوێزی ڕێژیمی ئیسلامی لە "لەندەن"، نیگەرانیی زۆری خۆیان لە دۆخی مافی مرۆڤ لە كوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕیوە.

''وارد و کێرتن" لە نامەكەیدا، وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی بەندكراوانی سیاسی لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها كوشتنی كۆڵبەرانی بێتاوان، بە شێوەیەكی كونكرێت ئاماژەیان بە كەیسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" کردووە.

ناوبراوان لە نامەکەیاندا بەنیسبەت کەیسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" داوای زانیارییان لە باڵوێزی ئێران کردووە.

هەروەها لە کۆتایی نامەکەیاندا داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان کردووە.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" زیاتر لە دوو حەوتوو دەبێت لە شوێنی خۆی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و كاربەدەستانی بەندیخانە و دەزگای بەناو دادوەری و ئیتلاعات ئامادە نین هیچ زانیارییەک بە بنەماڵەی ناوبراو بدەن.