لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دارستان و لێڕەوارەکانی "مەریوان" بە شێوەی بەربڵاو ئاگریان تێبەردراوە و بە دەیان هێکتار لە ژینگەی کوردستان کرا بە قەقنەس.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژ، کێوی "کوچک چەرمگ" و "هانەوەراز" لە گوندی بۆڕیەر سەر بە مەریوان ئاگریان تێبەردرا و دوای شەو و ڕۆژێک بەردەوامی، ئاگرەکە بە هاوکاریی خەڵکی ئاوایی و ژینگەدۆستانی ناوچەکە کۆنترۆڵ کرا.
هەروەها ڕۆژی دووشەمە ٢٧ی گەلاوێژ، دارستانی گوندەکانی "دەرەوەران" و "مێرگەدرێژ" لەلایەن دوژمنانی ژینگەوە ئاگری تێبەردرا و ئاگرەکە لە دوای ماندووبوون و هەوڵ و تەقەلای ئەنجوومەنی سەوزی چیا و خەڵکی ژینگەدۆستی ئاواییەکانی دەوروبەر کوژایەوە.
لە هەمان ڕۆژدا و لە ئاگرتێبەردانێکی دیکەدا لە گوندی "بالک" هەر دوو دەشتی "چەناخچییان و لەقلەقان" ئاگرکەوتنەوە ڕوویدا و جینایەت و کارەساتێکی ژینگەیی دیکە بەرۆکی ژینگەی کوردستانی گرتەوە.