کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتورێکی کورد لەگەڵ هاوکارەکانی توانییان ناسکترین پڕژێنەری ڕووناکی دروست بکەن

12:09 - 15 بەفرانبار 2721

بە مەبەستی بەرهەمهێنانی تێکنۆلۆژیی نوێ بە تیشک و ڕووناکیی باش و ناسکترکردنەوەی ئامێرەکانی ڕووناکی، توێژەرانی زانکۆکانی ئاڵمان توانییان ئامێرێکی نوێ دروست بکەن.

"توێژەرانی ئاڵمانی" لە نوێترین کاریاندا توانییان ناسکترین پڕژێنەری ڕووناکی دروست بکەن کە  ئەو ئامێرە دەتوانێت لە یەک کاتدا ڕووناکیی لێدراو بۆ هەموو ئاراستەکان بڵاو بکاتەوە و وەک ئەوەی باس دەکرێت ئەستوورایی ئەم پڕژێنەرە ٣٠٠ جار لە تاڵە مووی سەری مرۆڤ ناسکترە.

بۆ دروستکردنی ئەم پڕژێنەرە، توێژەران لە "چنینی نانۆتەنۆلکەی سیلیکۆنی لەسەر ڕووەکـ"ێک کەڵکیان وەرگرتووە کە بۆ پڕژاندنی ڕووناکی، پێویستە شپرزی لە شوێنی چنینی نانۆتەنۆلکەکاندا هەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگەی تێکنۆلۆژیی "کارلسروهەی ئاڵمان"، د. ئاسۆ ڕەحیمزادگان (لەدایکبووی شاری بانەی ڕۆژهەڵات) یەکێک لە دوو کەسی نووسەری سەرەکیی بڵاوکراوەکەن.

د. "ئاسۆ ڕەحیمزادگان" لەوبارەوە وتوویەتی: "لە سەرەتای کارەکەدا ئەوەی بۆ ئێمە جێگای پرسیار بوو ئەوە بوو کە چۆن بتوانین پڕژێنەرەکە بچووک بکەینەوە و تا چ ڕادەیەک شپرزی پێویست دەبێت؟".

ئەم دەسکەوتە لە بچووککردنەوەی ئامێرەکانی وەکوو لێنزەکان، ئاوێنەکان و پڕژێنەرەکانی دیکەی ڕووناکی کە لەگەڵ ڕووناکی مامەڵە دەکەن، یاریدەدەر دەبێت.

ئەم پێشکەوتنە بۆ زۆر مەبەستی وەک کارامەترکردنی هەستەوەرەکانی ئۆتۆمبێلی خۆئاژۆ و هەروەها کوانتۆمیی فۆتۆنیکەکان دەتوانێت کەڵکی لێ وەربگیرێت.