کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور "فەرهاد سۆهرابی" بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا

11:38 - 18 رێبەندان 2719

دوکتور "فەرهاد سۆهرابی"، کەسایەتیی خۆشناوی پارێزگای کرماشان، گاوارە، کرێند و سەرپێل زەهاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، لە ڕێگای سەرپێل زەهاو بۆ داڵاهۆ بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا.

دوکتور سۆهرابی نەشتەرگەر و شارەزای چاو، کەسایەتییەکی دیار، خزمەتکار و خەڵکویست و لە کاری پزیشکیی خۆیدا هەموو کاتێک لە خزمەتی خەڵکەکەی خۆیدا بووە.

دوکتور سۆهرابی لە کاتی بۆمەلەرزەی  پارێزگای کرماشان و شاری سەرپێڵ زەهاو بەتایبەتی، ڕۆژانی سەخت لە خزمەتی خەڵکی ئەو شارەدا بووە و بۆ دەوا و دەرمانی خەڵکی لێقەوماوی ئەو شارە هیچ درێغییەکی نەکردووە.

ناوبراو له بواری فەرهەنگی، ئەدەبی و مێژووی نەتەوەی کورد، هۆگری شوناسخوازیی نەتەوەکەی بووە.

دوکتور سۆهرابی لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکان، چالاکانە بۆ کاری فەرهەنگی و ئەدەبی کوردی پاڵپشت و هاندەری لاوان بووە .

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی بۆ لەدەستدانی ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرەی نەتەوەی کورد، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.