بیرهۆ بۆکانی
دروشمی دوکتور قاسملوو وەک کەسایەتییەکی سوسیالیزمی دێموکراتیک
بەشی یەکەم
د. قاسملوو، ڕووناکیی توێژینەوەی مێژووی گەلی کوردە، ڕووناکییەک کە تاهەتایە درێژەی دەبێت و بەردەوام دەمێنێت...! د. قاسملوو پێگەیەکە کە پێوەرەکەی لە وشەدانی هیچ پەرتووکێک نەهاتووە !!! بەڵام پەیامی ئەو لە گشت کەلێن و قوژبنی کوردستان و تەنانەت جیهانیش بڵاو بووەتەوە، بەهۆی ئەوەیکە گیانبەختکردن لە ڕێگای گەل و نیشتمان، بەشی سەرەتایی کتێبی پەیامی ڕزگاریی نەتەوەیە. د. قاسملوو پەیامی ڕزگاریی نیشتمانی لە کاتی ناشتنی تەرمی پیرۆزی خستە ئەستۆی گشت تاکی کورد، تا سەرکەوتن. دکتۆر قاسملوو : "گەلێک ئازادیی بوێ دەبێت نرخی ئەو ئازادییەش بدات". گەلۆ، من نامهەوێ ئەو بابەتانەی کە لە میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لە هەمبەر ڕێبەری شەهیدمان باس کراوە بۆ وێنە خەڵکی کوێ بووە، لە کوێ خوێندوویە ، ماڵ و منداڵ و دایک و باوکی کێن ، دووپات کەمەوە.
دوکتور قاسملوو بە دروشمی دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان دەستی بە تێکۆشان بە شێوەی ئاشکرا کرد، بەڵام دەمهەوێ بڵێم کە د. قاسملوو بۆ دێموکراسی بۆ ئێرانی خستە پێش خودموختاری بۆ کوردستان و هەر وەها گەیشتن بە دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران چ خاڵێکی ئەرێنی دەبێت بۆ کورد؟ ئەگەر هەست بەوە بکەین کە د. قاسملوو یەکێکە لە بەنێوبانگترین کەسایەتییەکانی لایەنگری سوسیالیزمی دێموکراتیک بە باشی بۆمان دەردەکەوێت کە بەڕێزیان لەبەر چی یەکێک لە گرینگترین دروشمەکانی دێموکراسی بووە ؟ چونکە ئەو ڕێبازە باوەڕێکی قووڵی بە دێموکراسی و چەند حیزبی هەیە هەر بۆیە ئەگەر دەسەڵاتی هەبایە لە ئێران ئەو ڕێبازەی بە سیستەم دەکرد. د. قاسملوو چونکە لە جیهاندا کەسێکی شارەزا لە سیاسەت و ڕێبازی سوسیالیزمی دێموکراتیک بوو ، کە لە "کورتەباس" بە باشی بۆمان دەردەکەوێت.
ساڵانێکی زۆر لە ئورووپا ژیابوون دەیزانی تاکوو دێموکراسی لە ئێران پەیڕەو نەکرێت ئەتنیکگەلی ئێرانی هەر ژێر چەپۆکە دەمێننەوە و دەسەڵات لە ناوەند دەبێت و خودموختاری بۆ کوردستانیش هیچ ئاکامێکی نابێت. بە شێوەیەکی تر ئەگەر بیری لێ بکەینەوە، وەک کەسایەتێکی شارەزا لە سیاسەت و فەلسەفە دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران دروستە کە بە نێوی ئێران بوو بەڵام بۆ گەیشتن بە ئازادیی گەلەکەی و خواست و ئارەزووی کوردستان دروشمەکەی دانابوو.
ئەگەر چاوێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بکەین گرینگترین بابەت دێموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە سێبەری ئازادیدایە، بۆ ئێمەی کورد، حکوومەتی ئێران کە هەر باسی مەکەن، تەنانەت کاتێک لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە ڕووناکبیرەکانیشەوە دەکەوینە گوت و بێژ پێمان دەڵێن جیایی خواز هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە وڵاتی ئێران پڕۆسەی دێموکراسی بەڕێوە نەچووە و هیچ ئەزموونێک لە بابەت دێموکراسی و چەند حیزبی پەیڕەو نەکراوە، هەر قسەی لێکراوە و بە نووسراوە خوێندراوەتەوە هەر وەها خوێنی دیکتاتۆڕی تەواوی جەستەی داگرتوون، بەڵام ئەگەر بە سیستەم بکرێت دڵنیام لەوەی کە هیچ تاکێکی غەیرە کورد ئەو ڕێگەیە بەخۆی نادات لە نێو خاکی خۆمان تۆمەتی جیایی خوازمان پێ بدات، د. قاسملوو زۆر بە باشی هەستی بەوە کردوە کە ئەگەر دێموکراسی بە سیستەم نەکرێت میللەتی کورد و گەلانی تری ئێران قەت ئاوی خۆشی ناچێتە هەناویانەوە. د. قاسملوو ستراتێژی بەرەوڕوو بوونەوەی لەگەڵ ڕێژیمی تاران چاک دەزانی سەرەتا ویستی بە دیالۆگ چارەسەر بدۆزێتەوە، بەڵام بەداخەوە کەسانێک دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتبوو کە بە هەزار ساڵ لە باری بیر و ئەندێشەوە لە ڕێبەری شەهید دوور بوون بۆیە کاتێک کە زانیان لە گەڵ کەسێکی ڕووناکبیرتر و زاناتر لەخۆیان بەرەوڕوون فەرمانی شەڕ و جیهادیان دەرکرد. بە ڵام د. قاسملوو لە شەڕی داسەپێنراویش بەسەر حکومەتی ئێراندا سەرکەوتوو بوو هەر بۆیە تەواوی حەولیان بۆ تێرۆری ئەو خستەگەڕ بە ساتوسەودای ئابووریی ڕژیمی ئەو کاتی "ئۆتریشـ"ـیان کڕی و زۆر ناجوانمێرانە شەهیدیان کرد .
بەشی دووهەم
ئەندێشە و هێژموونی
د. قاسملوو ئەوەندە بەهێز بوو نەک لەنێو کۆمەڵگای کوردی تەنانەت تورکە ئازەرییەکانیش ڕێزیان بۆ دادەنا تەنانەت لەپێناوی ڕێبازی قاسملوو خوێنیشیان داوە، بەڵام سەرکردە خوێنمژەکانی دەوڵەتی دیکتاتۆریی ئێران چاویان بەرایی نەدەدا، بۆیە بۆ لابردنی ئامادەبوون هەموو کارێک بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی چەپەڵیان لە دۆستانی دوکتور نزیک بوونەوە، بەڵام دوژمنانی کورد خەیاڵیان خاو بوو چونکە ئێستاکە قاسملوو بۆتە مەکتەب و ئەندێشە لەنێو فیکری تاکی کورد بووەتە ڕێباز هەر کاتێک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەلێکیان بکەوێتە بەردەست بە دروشمی قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە دووپاتی دەکەنەوە کە تا گەیشتن بە ئامانج درێژەدەری ئەو بیر و ڕێبازە دەمێننەوە. دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران ئەوەندە قووڵ و بەهێزە کە لە شیکردنەوەدا گشت تاکێک دەگرێتەوە بۆ وێنە دێموکڕاسی بۆ گەیشتن بە مافی ئازادی ژنان، کریکاران، خوێندکاران، مامۆستایان و... هتد .
ئێمەی کورد بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووسی خۆمان هاوکات دەبێت حەول بدەین بۆ گەیشتن بە دێموکڕاسیەکی هاوبەش و لابردنی بیری حکوومەتێکی ناوەندخواز کە بۆ گەیشتن بەو بیرۆکەیە و بەکردەوە کردنی تەنیا ڕێگا چارە حەول بۆ دێموکراسی لە نێو وڵاتی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک و پتەوە.
یەکێک لە گرینگترین خاڵەکان کە د. قاسملوو وەک کاریزمای سەردەم لە کوردستان دەمێنێتەوە بیرێکی مۆدێڕن کە لە نێو کۆمەڵگایەکی کوردانە دروست بووە، د. قاسملوو بە بیرێکی چەپی دێموکراسیخواز و نەتەوەیی توانی وەک کاریزماتیک بمێنێتەوە کە لە ڕێبەڕانی سەردەم کەس نەیتوانیوە وەک ئەو لایەنگر کۆ بکاتەوە .
بە هۆکاری ئەوەی کە ئێمەی کورد کەسێکی بلیمەت و ئازا و ژێر و زانا ڕێبەرمان بووە دەبێت شێلگیرانە حەول بدەین کە چۆن ئامۆژگاریەکانی ڕێبەری مەزنمان بکەینە سەرچاوەی هەوێنی ژیان و خەباتمان دوکتور قاسملوو تەنیا کەسێک بوو لەنێو گەلی کورد هەم ڕێبەرێکی پێشمەرگە بوو هەمیش پێشمەرگەیەکی ڕێبەر بوو هاوکات بە بیرێکی مۆدێڕنەوە بۆ گشت کات و زەمەنێک. لە کۆتایی باسەکەمان چەن خاڵێکی گرنگ دەخەینە ڕوو کە بە شێوەیەک ئامۆژگاری و پەندەکانی ئەندازیاری دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و پێغەمبەری ئاشتیمان وەبیر دێتەوە :
١. دروشمی دێموکراسی لەبیر نەکەین بۆ ئێرانێکی دێموکرات بە شێوەیەکی سیستەمی و قانوونی کە وەک کلیلی ڕزگاریی کوردستان و باقی گەلانی ژێردەستی ناوەندخواز تێبکۆشین .
٢. یەکگرتوویی بە شێوەیەکی سیستماتیک و پتەو، بەو واتایە کە ئیتر لەت و کوتی بن بڕ بێت و حیزبە کانی ڕۆژهەڵات بۆ نیشاندانی هێژموونی خۆیان بەرەیەکی کارامە و بەهێز دامەزرێنن .
٣.درێژەدانی ڕێگای شەهیدان و ئەندێشەکانی قاسملوو؛ لێرەدا بۆ ئاگاداریی نێوی کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیران کە لایەنگری سوسیالیزمی دێموکراتیک بوون دەنووسم. هەڵبەت زۆرن بەڵام وەک پێویست ئاماژە بە چەند کەسایەتی بەنێو بانگ دەکەین: " ساڵوادۆر ئالندە سەرکۆماری شیلی داوید بێن گورین سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، زولفەقار عەلی بۆتۆ سەرۆکوەزیری پاکستان، تۆنی بلێر سەرۆک وەزیری بریتانیا، ویلی بڕانت سەدری ئەعزەمی ئاڵمانی ڕۆژاوا، میخائیل گۆرباچۆف، نێلسۆن ماندێلا، دوکتور قاسملوو، فڕانسوا میتران، جەواهێر لەعل نێهرۆ، بێرتراند ڕاسل، جان دەیویی، ئاڵبرت ئەنیشتاین فیزیکزانی ئاڵمانی نووسەری کتێبی بۆچی سۆسیالیزم ؟ مارتین لۆتر کینگ جۆنیۆر، جۆرج ئۆروێڵ و ئاندری ساخاڕۆف.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.