هەر نەتەوەیەکی بندەست لە سەدەکانی ڕابووردوودا خەباتی بۆ ڕزگاری نیشتیمانیی کردبێت، و مێژووەکانیان دەخوێنینەوە و دەبیستین، کە کەسێک یا کەسانێک وەک کاریزمایەکی لێزان لەو بوارەدا ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە، و جڵەوی شۆرشەکەیان ژیرانە بە ڕێوە بردووە.
لە کوردستانی بە زۆر پارچەکراوی ئێمەشدا لە هەر بەشەو چەندین کەس و کەسانی شارەزاو لێزانی تێدا هەڵکەوتووە، و بەشێکیشیان بوونەتە کاریزمای سەردەمی خەباتی نەتەوەیی. لەوانە بەشێکیان لە ژیاندا نەماون بەشێکی دیکەیان هەر لە نێو سەنگەری خەباتدان و هیوای تەمەندرێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
لە بەشی خۆرهەڵاتی نیشتیماندا، لەپاش پەلاماردانی کۆمارە جوانمەرگەکەی کوردستان، و کپ بوونەوەی خەباتی نەتەوەیی لەو سەردەمەدا، دوای چەند ساڵێک کەسێکی شارەزاو خوێنەوار لێزانی وەک دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" سەرهەڵدەدات، و ڕووناکییەک دەخاتە نێو خەباتی سیاسی و دیپلوماسی ونەتەوەیی لەو بەشەدا.
لە خۆڕا نییە کە دەڵێن سەرکردەیەکی ژیرو لێزان، چوون بەڕاست دوکتۆر قاسملوو لە سەردەمی خۆیدا، واتە لە جیهانی پڕ لە جەنجاڵی ناوچەکانی ئوروپا و ئەمریکا و خۆرهەڵاتی ناڤینی، کە تنرابوو لە ئیمپرالیزم و سوسیالیزم، یا کۆمۆنیسم وکاپیتالیزمدا، ئەو سەرکردە کوردە دەیزانی چۆن باڵانسەکە ڕاگرێت، و لە هوونەرەکانی گوونجاندنی سیاسەتی سەردەمدا کەڵکوەرگرێت. جوڵانەوەی نەتەوەکەی بە شۆرشێکی ئایدۆلۆژیای باوی سەردەم گرێنەدات، و بگرە بە شۆرشێکی نەتەوەیی و ڕزگاری نیشتیمانی، بە گەلەکەی و جیهان بناسێنێت، هاواری داگیرکراوی خاک و وڵاتەکەی بە گۆی جیهاندا دەگەیاند.
من زۆر جار ئاماژەم بەوە کردووە کە دەبێت هەڵسەنگاندنەکانمان لە سەر سەرکردەو تێکۆشەران بە پێ سەدە وکاتەکانی گۆڕانکارییەکان سەردەمی خۆی بێت، ناکرێت سەردمی سەدەکانی ١٨و١٩ لەگەڵ سەردەمی ئێستای ٢٠٢١ بەراورد بکرێت. بیر لە جۆری سیاسەت و شیکارییەکانی زیاد لە٥٠ ساڵ پێشی بکەنەوە. واتە لەو سەردەمانەی کە لە پاش تێکچوونی کۆمارە جوانە مەگەکەمان، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو پەڕێ قەیرانی نەبوونی چاوساغێکی سیاسی بووە لە گۆڕەپانەکە، کە خوێندنەوەی بۆ سیاسەتی جیهانی و داگیرکەران، لەو سەردەمانەدا هەبووبێت. بە تایبەتیش لە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆرشی گەڵان و گۆڕینی ڕێژیمی شاهەنشایی هەزرانساڵە لە ناوچەکە بەرەو سیستەمێکی دیکە. دواتر گۆڕانی بەرەو ئاقاری ڕێژیمێکی دیکتاتۆری لە ژێر ناوی ئاینداو دیسانەوە خەباتی چەکداری لە شاخەکاندا، و دابینکردنی یارمەتی لۆجیستیکی و پزشکی بۆ شۆرشەکە.
هەم مێژوو هەم بەرهەم وبەڵگەکان پێمان دەڵێن، کە بە سەرهەڵدانی دوکتۆر قاسملوو لەو سەردەمانەدا، ئەو بۆشاییە گەورەییە کە لە خۆرهەڵاتی نیشتیمان دەبینرا، پڕکراوەتەوە.
ڕۆڵی ئەم شەهیدە سەرکردە، لەو سەردەمانەی پاش کۆمار بە گشتی، و لە ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٩. واتە کاتی شەهید بوونەکەشی، ڕۆڵیکی گەورەی لە ئاست کوردستان و جیهاندا هەبووە.
هەربۆیە پێویستە ئەوە بزانین کە بوونی ئەو جۆرە مرۆڤانە، لە ڕۆژانی تەنگانەو پڕ لە ئاستەنگ لە سەر ڕیگەی خەباتکردندا، سەرمایەیەکی گەورەیی نەتەوەیی بوون، بۆیەش هەرگیز مێژوو ناتوانێت لە یادیان بکات. ئەمەش تەنیا بۆچونێکی سۆزداری من یا هیچ کوردێکی دیکە نییە، بگرە بەڵگە گرنگەکانی باڵوێز و کۆنسۆلگەرییەکانی وڵاتانی جیهانی، کە لە هەردوو وڵاتانی ئێراق و ئیراندا، کە ئەرکی خۆیان بە جیگەیاندووە، گەواهی لە سەر گەورەیی و سیاسەتزانی ئەم پیاوە لە ناوچەکەدا دەدەن.
بەڵگە نهێنییەکانی ویکیلیکس سەلمێنەری ڕاستییەکانە، هەروەها دەیان پەرتووکی ڕۆژنامەنووسان و کەسایەتییە گرنگەکانی دەسەڵاتی جیهانی لەو بوارەدا، شاهیدی لە هۆشیاری و لێزانی وخاوەن بۆچوونی سەردەمیانەی ئەم پیاوە گەورەیە دەدەن.
هەمیشە پرشنگدار بێت یادت ئەی سەرکردەی شەهیدی نەتەوەیی.
عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.
٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢١ی کوردی. ١٢ / ٧ / ٢٠٢١ ی زایینی