کوردستان میدیا

هەینی 22ی سەرماوەز 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور چارلز دەڤیدسۆن: حیزبی دێموكرات حیزبێكی پێشكه‌وتوو و سه‌رده‌میانه‌یە

11:50 - 22 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: له‌ ئامریكا و له‌ زانستگای به‌ناوبانگی "جۆرج مه‌یسۆن"، تێزی دوكتورای "چارلز ده‌ڤیدسۆن" له‌سه‌ر حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران، به‌ پله‌ی نایاب قبووڵ كرا.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٠ی خەزەڵوەر، دوکتور چارلز ده‌ڤیدسۆن پاش دوو ساڵ كاری به‌رده‌وام و وتووێژ، له‌ ئاكامدا له‌ زانستگای جۆرج مه‌یسۆن، له‌ ده‌ڤه‌ری واشنتۆنی پێته‌خت، تێزی دوكتوراكه‌ی قبووڵ كرا.

سه‌رەتا مامۆستایانی ئاماده‌بوو كه‌ سێ كه‌س بوون، داوایان له‌ چارلز كرد كه‌ داكۆكی له‌ تێزه‌كه‌ی بكات.

دواتر ناوبراو ماوه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك كاتژمێر باسی له‌ چۆنیه‌تیی بیرۆكهکەی‌ كرد و له‌و‌ نێوه‌دا سپاسی هاوكارییه‌كانی حیزبی دێموكراتی كرد. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ساڵی ٢٠١٧ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ڕێگای قوتابییه‌كی كوردەوە به‌ ناوی "ڕۆژ زاله"‌ له‌گه‌ڵ "ڕه‌حیم ڕه‌شیدی" ناسراو به‌ "مستر كورد" ئاشنا بووه‌ و باسیان له‌ بیرۆكه‌کە‌ كردووه‌.

پاشان "ڕه‌شیدی"، دوکتور چارلزی به‌ حیزبی دێموكرات و كۆمه‌ڵی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ناساند ‌و ئه‌وانیش هه‌موو هاوكارییه‌كیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئاواته‌كه‌ی چارلز بێته‌‌ دی و تێزه‌كه‌ی له‌سه‌ر حیزبی دێموكرات بنووسێت‌.

چارلز باسی له‌ مێژووی خه‌باتگێڕانه‌ی حیزبی دێموكرات كرد و وتی كاری مه‌یدانی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ وای لێكردم كه‌ باوه‌ڕ بێنم كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات‌ هاوپه‌یمانی ڕۆژئاوان و بایه‌خ به‌ پرسه‌كانی ئازادی، به‌رابه‌ری، مافی مرۆڤ و ژینگه‌ ده‌ده‌ن.

ناوبراو بۆ نووسینی تێزی دوكتوراكه‌ی زیاتر له‌ ٢٠٠ كه‌س له‌ ئه‌ندام، لایه‌نگر، دۆستان و شاره‌زایانی سیاسه‌ت و مێژووی حیزبی دێموكراتی كوردستانی لە ئامریکا، ئورووپا و بنكه‌كانی حیزبی دێموكرات له‌ باشووری كوردستان دواندبوو.

دوکتور چارلز حیزبی دێموكراتی به‌ حیزبێكی پێشكه‌وتوو و سه‌رده‌میانه‌ ناو برد.

چارلز له‌ داكۆكییه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ حیزبی دێموكرات خاوه‌نی ڕێکخستنی به‌هێز و میكانیزمی دێموكراتیكی به‌ڕێوه‌بردنه و خه‌ڵكی كورد له‌ ده‌ره‌وه ‌و نێوخۆوە به‌ قووڵی باوه‌ڕیان پێیه‌تی و به‌ سه‌رمایه‌ی خۆیانی ده‌زانن‌.

ناوبراو له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، باسی كاریگه‌ریی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌سه‌ر شوناس و ناسنامه‌ی خه‌ڵكی كورد كرد و كولتووری نه‌ته‌وه‌ی كوردی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و پێشكه‌وتوو وه‌سف كرد.

دواتر لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی تێزه‌كه‌ پاش بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ به‌ تێكڕای ده‌نگ، بڕیاریان دا كه‌ تێزه‌كه‌ قبووڵ بكه‌ن و به‌م جۆره‌ چارلز پاش دوو ساڵ كاری به‌رده‌وام و سه‌فه‌ری وڵاتانی دوره‌ده‌ست، پله‌ی دوكتورای به‌ده‌ست هێنا.

ناوبراو خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی و سپاسی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكراتی كرد و ڕایگەیاند، "وه‌كوو دۆست و پشتیوانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و حیزبی دێموكرات ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌رچی له‌ده‌ست بێت بۆ یارمه‌تیدانی خه‌باتی كورد و حیزبی دێموكرات، ئه‌نجامی ده‌دات‌.

ڕه‌حیم ڕه‌شیدی كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ دوکتور چارلز هاوكاری به‌رده‌وام و چڕوپری كردووه‌ و له‌ كاتی داكۆكیی چارلز له‌ تێزه‌كه‌یدا ئاماده‌ بووە، ڕایگه‌یاند: "پڕ به‌ دڵ پیرۆزبایی به‌ هاوڕێی به‌ڕێزم چارلز ده‌ڵێم، گومانی تێیدا نییه‌ كه ‌ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكی زێڕین و له‌باره‌ بۆ ناساندنی زیاتری خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی كورد له‌ کوردستانی ڕۆژهەڵات و دیرۆكی پڕ له‌ به‌رخۆدانی حیزبی دێموكرات له‌ پێناوی ئازادیدا".

بێگومان ئه‌م تێزه‌ یارمه‌تی به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پرسی كورد له‌ کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاتر بناسرێت و هه‌روه‌ها تێزه‌كه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌كه‌یه‌كی زانستیی باوه‌ڕپێكراو بۆ لێكۆڵه‌ران و خوازیارانی زانیاری كۆكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و خه‌باتی حیزبی دێموكرات.