کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر بڕیارەکەی ئامریکا

13:11 - 20 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسان و ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەگەلێکی جۆراوجۆر، لە بەرانبەر  بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران دژکردەوە نیشان دەدەن.

پاش بە تێرۆریست ناساندنی ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، بەرپرس و ناوەنده ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دیسان بە شێوەگەلی سەیروسەمەرە دژکردەوەیان نیشان داوە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە دژکردەوە بەم کارەی ئامریکا وتوویەتی: ئامریکا ئەو گرووپە کە کردەوە و ئامانجی شەڕکردن و بەرەنگاری لەگەڵ تێرۆریزم بووە، بە تێرۆریست دەزانێت و کردەوەکەشی بە هۆی بوغز و ڕق بووە.

ڕۆحانی هەروەها ناڕاستەوخۆ بە ئاماژه بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمەکەی لە وڵاتانی ناوچەکە وەکوو عێراق و سووریه وتوویەتی: جگە لە سپا، کێ لە ساڵانی ڕابردوودا، یارمەتیی وڵاتانی ناوچەکەی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ  تێرۆریزم داوە.

هەر لەم پێووەندییەدا، هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی تایبەت بە سپای پاسداران و وتنەوەی دروشمی نەمان بۆ ئامریکا، بە نیسبەت بڕیارەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دژکردەوەیان نیشان دا.

ئەم نوێنەرانە بە دەربڕینی هەندێ ڕسته وەکوو: کارەکەی ئامریکا لە دۆخی ئێستادا، کارێکی گەمژانەیە، دونیا جینایەتەکانی ئامریکا لە بیر ناکات، خەڵک تا دواهەناسە پشتگیری لە سپا دەکات، تا ئینقلاب هەبێت، سپاش هەر دەمێنیت، سپا چقڵی چاوی ئامریکایە و کۆمەڵێک قسەی دیکه، بەرانبەر بە بڕیارەکەی ئامریکا هەڵویستیان گرت.

عەباس عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی رێژیم، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، کە لەمەبەدوا بنکە نیزامییەکانی ئامریکا لە ناوچەکەدا، بنکەی تێرۆریستی و نیزامییەکانی ئامریکاش تێرۆریست بەئەژمار دێن.

شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێرانیش، چەند کاتژمێر پاش ڕاگەیاندنی فەرمیی ئامریکا سەبارەت بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ئەم بڕیارەی بە نایاسایی و مەترسیدار ناو بردووە.

ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خاکەلێوە، لە بڕیارێکدا، ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانی بە فەرمی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند و هەر جۆرە هاوکاریی و هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیەی وەکوو پشتیوانی لە تێرۆریزم وەسف کرد.