کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی مایک پۆمپێئۆ بە نیسبەت سەرکوتی بێبەزەیییانەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا

15:01 - 1 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە نوێترین دژکردەوەی بە نیسبەت سیاسەتە دژە مرۆیییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە تویتێکدا سەرکوتی بێبەزەیییانەی خەڵکی ناڕازیی ئێرانی لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە، مەحکوم کردووە.

مایک پۆمپێئۆ ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "هەزاران کەس لە ناڕازییانی بەفرانبار و ٣٠ ژن بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر خۆداپۆشینی زۆرەملێیەوە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون"، هەروەها ناوبراو نووسیویەتی: کە سەدان کەس لە دەروێشەکانی گونابادی، چەندین کەس لە چالاکانی ژینگە، ٤٠٠ کەس خەڵکی ئەهواز و ٣٠ وەرزێڕی ئیسفەهانی دەسبەسەر و زیندانی کراون.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە کۆتاییی پەیامەکەی خۆیدا جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە، کە خەڵکی ئێران شایانی پاراستنی ڕێز و کەسایەتی خۆیانن.

ناوبراو هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە زۆربوونی ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا، وێنەیەکی قاسم سولەیمانیی بڵاو کردووەتەوە و باسی لە زیادبوونی سەرمایەی کەسیی قاسم سولەیمانی لەو ساڵانەی دواییەدا کردووە.

پۆمپێئۆ نوسیویەتی: "ڕێژیمی گەندەڵی ئێران، سپا، حیزبۆڵڵا و حەماسی دەوڵەمەند کردووە و بە سەرمایەی خەڵکی ئێران لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خەریکی درێژەدان بە شەڕی نیابەتییە.

بەرپرسانی ئامریکایی باسیان لەوە کردووە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرجام بە مەبەستی یارمەتی گەیاندن بە تیرۆریستان کەڵکی وەرگرتووە.