کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئابووریی داڕماوی ئێران، هۆشداریی بەرپرسانی ڕێژیمی لێکەوتووەتەوە

13:20 - 31 خاکەلێوه 2720

دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران هەروا دێت خراپتر دەبێت، بە شێوەیەک کە کاربەدەساتی ڕێژیمیش چیدیکە ناتوانن چاوپۆشی لێبکەن و هۆشداریی دەدەن کە لە داهاتوودا ئابووریی ئێران دۆخیکی کارەساتباری لەپێش دایە.

''غوڵام‌عەلی جەعفەرزادە،'' نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، دۆخی ئابووریی ئێرانی لە دوای کۆرۆنا بە '' تۆقێنەر'' وەسف دەکات و دەڵێت کە پاش کۆرۆنا یەک ملیۆن کەسی دیکە بە ژمارەی بێکارانی ئێرانەوە زیاد دەبێت.

ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا لە ئێران ٣ هەتا ٥ ملیۆن کەس بێکارن و لە دوای کۆرۆناش ئەگەر یەک ملیۆن کەسی دیکە بەم ڕێژەیە زیاد بێت، بزانن چ دۆخێک دێتە پیش.

ناوبراو لە بارەی دۆخی پاش کۆرۆنا وتویەتی نرخی باڵای بێکاری، کەمبوونەوەی دامەزراوەکان، گرانبوونی کاڵاکان و گەشەی سامناکی هەڵاوسان دێتە ئاراوە و پاش کۆرۆنایەکی تۆقێنەرمان لەپێش دایە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە سندووقی نێونەتەویی دراو لە نوێترین ڕاپۆرتی خوێدا سەبارەت بە کاریگەریی قەیرانی کۆرۆنا بەسەر دۆخی ئابووریی جیهان کە حەوتووی ڕابردوو بڵاوی کردەوە، پێشبینی کردووە گەشەی ئابووریی ئێران ئەوە بۆ ٣ ساڵە لەسەرێک نگەتیڤە و بەرهەمهێنانی ناپاقژی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦ لەسەد دادەبەزێت.

هەروەها ١١ ڕۆژ پێش، ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بەنیسبەت تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا، باسی لە دابەزینی ٣٠ لەسەدی هەناردەکردنی ئێران لە مانگی ڕەشەمەی ٩٨ بەنیسبەت ماوەی وێکچوو لە ساڵی ٩٧دا کردبوو.  

 ئەم ناوەندە پێشبینی کردووە کە کاریگەریی ڕەوتی ئەم شێوە بەڕێوەبەرییە، بە ئەگەری زۆرەوە ئەوە دەبێت کە لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا، ئێران تووشی بەرەنگاری لەگەڵ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی دەبێت.