کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئاوەڕۆکانی کرماشان نالەبارە

11:17 - 19 خەزەڵوەر 2720

دۆخی ئاوەڕۆکانی شاری کرماشان بە شێوازێک ناجێگیرە کە بە هاتنی بارانێکی کەم لافاو لەنێو شەقامەکان هەڵدەستێت.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و بە دەستپێکردنی باران بارین لە شارەکانی کوردستان، جارێکی دیکە ترسی لافاو و زیانەکانی لە دڵی خەڵک بەتایبەت خەڵکی شاری کرماشان نیشتووە.

بەپێی چەند ڤیدیۆ کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، پاش بارینی بارانێکی کەم لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە "پارکینگی شارەداریـ"ـی شاری کرماشان و شارەکی "سەجادییە"ی ئەو شارە لافاو هەستاوە.

ئەم دۆخە خەڵکی تووشی نیگەرانی کردووە و ڕایانگەیاندووە لەکاتێکدا کە بە بارانێکی ئاوا کەمەوە لافاوێکی لەو چەشنە هەڵدەستێت لە بارانی زۆردا دەبێ چاوەڕوانی کارەسات بین.

خەڵک هۆی ئەو دۆخەیان گەڕاندووەتەوە بۆ نەبوونی ژێربینایەکی باش و هەروەها مانەوەی زبڵ و پاشماوەی بیناسازییەکان و نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی بەجێ و باش.

لە ماوەی یەک بۆ دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هەستانی لافاو کە دەگەڕێتەوە سەر دۆخی خراپی ئاوەڕۆ و شەقامەکان و نابەڕێوەبەریی ڕێژیم خەسارگەلێکی گیانی و ماڵیی زۆر بە خەڵک گەیشتووە.

هاوکات لە زۆربەی شارەکانی کوردستان وەک مەهاباد، مەریوان، ڕوانسەر و چەند شاری دیکەی کوردستان بەهۆی هاتنی باران دۆخی کوچە و کۆڵانەکان زۆر نالەبار بووە.