کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی خراپی بژێویی ژیان بووەتە هۆی چۆڵبوونی گوندەکان لە ئێراندا

13:57 - 28 بانەمەڕ 2720

دۆخی خراپی ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکان، گوندنشینانی ئێرانی ناچار بە چۆڵکردنی گوندەکان و کۆچ بۆ شارەکانیانی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم و بە پشتبەستن بە قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، گوندنشینانی دەوروبەری پارێزگای "کۆهکیلۆیە و بۆیەر ئەحمەد" و "دێنا و مارگۆن"، بەهۆی نەبوونی پێداویستیی پێویست بۆ بەردەوامیی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزاری و دۆخی خراپی ژیان، گوندەکانیان بەجێ دەهێڵن و ڕوو دەکەنە شارەکان.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە شارێک وەکوو "یاسووج" زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس پەراوێزنشینی هەیە و کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان دەبێتە هۆی زیاتر بوونەوەی پەراوێزنشینی و چوونە سەرەوەی ئاماری هەژاری و بیکاری و هتد.

دیاردەی پەراوێزنشینی و چۆڵکردنی گوندەکان لێکەوتەی سیاستگەلی هەڵەی ئابووریی ڕێژیمە کە خەڵکەکەی لە هەموو بارێکەوە لە هەژاریدا دەهێڵیتەوە.

چۆڵکردنی گوندەکان و لە ئاکامدا پەراوێزنشینی، کۆمەڵێکی دیکە لێکەوتەی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی تەشەناسەندنی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان کە ئەمانە هەموو بەرۆکی ڕێژیمی ئێران دەگرێتەوە.