کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی قوتابخانەکانی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خرابتر دەبێت

11:34 - 5 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: دۆخی قوتابخانەکانی ئێران و نەبوونی مامۆستا و سیستمی پەروەدەیی خراپ لە ئێراندا، قوتابییان و تەنانەت بنەماڵەکانیشیانی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام بە چەواشەکاری باس لە باشبوونی دۆخی قوتابخانەکان لە ئێراندا دەکەن و بە چەواشەکاریی خۆیان لە میدیاکاندا وادە و بەڵێنی بە قوتابییان دەدەن.

"موحسین حاجی میرزایی"، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئیران چەند ڕۆژ لەمەوەبەر باسی لەوە کردووە کە ئێمە جێژنی کۆکردنەوەی "قوتابخانەی خشتی و قوڕ" دەگرین.

بە پێچەوانەی قسەکانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، لە ئێراندا ئێستاکەش دۆخی قوتابییان لەوپەڕی خراپیدایە و ڕێژیمیش هیچ ئاوڕێکی جیددی لەو دۆخە ناداتەوە.

لەو پێوەندییەدا، "شنە دروودگەر"، مامۆستای قوتابخانە باسی لەوە کرد: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دەسەڵاتداریەتیی خۆیەوە، بە هەر جۆرێک کە بۆی گونجا بێت، مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگای بە لاڕێدا بردووە، بەتایبەت لە کوردستان کە لە بواری پەروەردە و بارهێنانەوە هەمیشە ناوچەیەکی پەراوێزخراو بووە".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، گرینگی بە پرسی خوێندن نادات و ئاوڕ لە چینی خوێندکار ناداتەوە.

هەروەها "زانیار بەهاری"، مامۆستای قوتابخانە، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دەسەڵاتداریەتیی خۆیەوە تاکوو ئێستا بە سیستمی پەروەردەیی خراپ، بەردەوام هەوڵی بەلاڕێدابردنی مێشکەکانی لە ئێران داوە و ناهێڵێت ئاستی زانیاری و هۆشیاریی تاکەکان، بەتایبەت چینی خوێندکار بەرز بێتەوە، چونکە دەزانێت بە زیاتر چوونە سەری ئاستی ئاگاهیی خەڵک، ماهییەتی کۆماری ئیسلامی زیاتر بۆ خەڵک دەردەکەوێت".