کوردستان میدیا: هەڵاواردن، بێبەریبوون، توندوتیژی و گوشارەکانی سەر ژنانی کوردستانی ئێران زۆرن و سیستمی حاکم لە ئێراندا بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەم دۆخەی بۆ ژنان دروست کردووە.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتەکدا بڵاوی کردووە، جگە لە هەڵاواردن و توندوتیژییە یاسای و دەوڵەتییەکان، هەڵاواردن و توندوتیژی سیاسی سەرچاوەگرتوو لە چەوەساندنەوە نەتەوەیییەکان بەرچاوترین جۆری کێشەکانی ژنان لە کوردستانی ئێرانە.
سەرەڕای لەڕادەبەدەربوونی کێشە و هەڵاواردنەکانی ژنان لە کوردستاندا، بەڵام بە شێوەیەکی پێویست لە جیهاندا باس نەکراوە و ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، بە چاوخشاندنێک بە ئامار و هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە قووڵایی ئەو دۆخە کارەساتبارە تێدەگەین.
کوردستان بە هۆی پەراوێزخرانییەوە لە لایەن ڕێژیمەوە، ڕێژەی بێکاری لە چاو ناوچە و شارەکانی دیکەی ئێراندا زۆر بەرزترە بە شێوەیەک کە دەغدەغەی زۆربەی خەڵکی کورد بەدەسهێنانی نانی شەوە، ئەم دۆخە بۆ ژنان لە چاو پیاواندا زۆر دژوارترە، بە شێوەیەک کە پیاوان کارگەلێکی دژواری وەک کۆڵبەری و کرێکاری زۆر بەزەحمەت دەدۆزنەوە، ئیتر دەبێت بۆ ژنان دۆزینەوەی کار چۆن بێت؟.
بێکاری ژنان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پەرەسەندنی توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان هەیە. بە باوەڕی کارناسان، زۆرێک لە توندوتیژی و هەڵاواردنەکان سەری ژنان بۆ سەربەخۆنەبوونی ئابوورییان دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئاماری فەرمی ڕێژیمی ئێران، پارێزگاکانی کوردستان پلەی یەکەمیان لە بێکاری ژناندا هەیە.
خۆکوژی ژنان، دۆخێکی قەیراناویی دیکە بۆ ژنان پێک دەهێنێت، بە شێوەیەک کە بووەتە دیاردە و ڕۆژانە هەواڵی خۆکوژیی ژنان بڵاو دەبێتەوە.
لەم پێوەندییەدا لە ساڵی ١٣٩١ـەوە هەتا سەرەتاکانی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٧ "٥١١" ژن خۆیان کوشتووە. هەڵبەت ئەم ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە میدیایی کراون و بڵاو بوونەتەوە، چونکە پارێزگای ئیلام بە پلەی یەکەم بە بوونی ٨٠٠ دیاردەی خۆکوژی لە ساڵی ڕابردوو، لە جیهاندا بە ئەژمار دێت و ئەم ئامارە لە چاو پلەی ئیلام لە ڕیزبەندی جیهانییدا کەمە.
ڕۆژانە لە کوردستاندا، ژنان بە بیانووی شەرەف و نامووسەوە دەکوژرێن و بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ١٣٩١ـەوە هەتا سەرەتاکانی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٧. ١٥٥ ژنان کوژراون و ١٥ ژنی دیکەش بریندار کراون.
هەروەها بنەماڵەکان بە بیانووی پارێزگاریی لە نامووسەوە هەوڵ دەدەن سەرپۆش لەسەر کوشتنی ژنان دابنێن و نەهێڵن بڵاو بێتەوە، بە بڕوای کارناسان ئەم ئامارە دەبێت زۆر لەوە زیاتر بێت.
هاوسەرگیریی کچانی منداڵ لە کوردستاندا یەکێکی تر لە کێشە و توندوتیژییەکانە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، بەشێوەیەک لە چوار مانگی ساڵی ١٣٩٧دا، ٩٧٠ کچی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بە مێرد دراون، تەنانەت تەمەنی هەندێک لەم کچانە لە ژێر تەمەنی ١٠ ساڵ بوون.
گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان لە کوردستان لە ئێستادا، وەک دیاردەیەک بڵاو بووەتەوە و بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم لە کوردستاندا، لە کۆی ئاماری گیرۆدەبووان بە مادە هۆشبەرەکان ڕێژەی ئیعتیاد پیاوان نسیبەت بە ژنان ١٠ بە ٢ـە.
سەرەڕای هەڵاوردنە ڕەگەزییەکان بۆ هۆکاری کۆمەڵایەتیی ئابووریی ژنان لە کوردستاندا، لەگەڵ هەڵاواردنی سیاسی بەرەوڕوون، ژنان لە کوردستاندا بە هۆی هەڵاواردنی نەتەوەیی جارێکی دیکە دەکەونە بەر توندوتیژی و ڕۆژانە ژنان هەڵاواردنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی بەسەر ژیانیانەوە هەیە. بە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە چاوێکی ئەمنییەتییەوە سەیری کوردستان دەکات و دامەزراندنی هەر ڕێكخراو و ngo و ناوەندە مەدەنییەکان، بەتایبەتی لە بیاڤی ژناندا بە تاوانی "سیاسی" دەیناسێنێت و چالاکانی ئەو بوارانە بە تۆمەتگەلێکی وەک "هەوڵدان لە دژی ئەمنییەتی نەتەوەی" تاوانبار دەکات.
هەرچەندە ئامارێکی ورد و ڕاست لە بارەی دەستبەسەرکردنی ژنان لە بەردەستدا نییە، بەڵام ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٣٩٧دا ٨٤ ژن دەسبەسەر و بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.
سەرەڕای هەموو ئەم زوڵم و توندوتیژییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە ژنان لە کوردستاندا لەگەڵی دەستەوپەنجە نەرم دەکەن، ڕێژیم نەیتوانیوە وا لە ژنان بکات کە لە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و خەبات لە دژی ئەو دەسەڵاتە سەرەڕۆییە بوەستن. ژنان بە بەشداریی بەرچاویان لە بۆنە نەتەوەیی و چالاکییە مەدەنی و ژینگە پارێزییەکاندا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.