دەیڤید بارنێعا، بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی دەرەکیی ئیسرائیل (مووساد)، لە ڕێوڕەسمی ماڵاواییکردنەکەیدا ڕایگەیاند: ''گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران ئامانجێکە دەکرێت بەدی بێت و دەست پێگەیشتووە. ئەم ئەرکە تەواو جێبەجێکراوە و ڕوونیشە کە بەدیهێنانی پێویستی بە بڕیاردەری، ئارامی و بەردەوامی هەیە لە پێناو پێکانی ئامانجەکەدا. دەبێت ئەم ئەرکە وەک لە پێشینەی کارەکانمان بمێنێتەوە.''
بارنێعا بە ئاماژەدان بە کارەکانی مووساد وتی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک بەرپرسی ڕێکخراوەکە، هەوڵی داوە بە بەکارهێنانی تواناکانی ئەم دەزگایە کاریگەری لەسەر ڕاستییە ئەمنییەکان دابنێت؛ لەوانەش لە ڕێگەی ''ئاڵۆزی و ژیریی مەیدانی، توانای جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی نهێنی، و بەکارهێنانی فێڵ و داهێنان.''
ناوبراو لە کۆتاییدا زیادی کرد: مووساد ئەمڕۆ توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ''ورد و ئاڵۆز''ی هەیە و لە هەمان کاتدا دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان و کاریگەر، تەنانەت لە بارودۆخی شەڕیشدا، جێبەجێ بکات.