کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەڕ لە باشووری لوبنان سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئاگربەست

11:54 - 12 جۆزەردان 2726

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی سنووردار، شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان ئەرتەشی ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بەردەوامە.

گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵای سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانی سێشەممە، بە هێرشێکی ڕاکێتی تانکێکی ئیسرائیلی لە شارۆچکەی "حەداسا" پێکاوە و بەرپەرچی پێشڕەوییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل دەداتەوە.

لە بەرامبەردا، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دوو مووشەکیان لە ئاسمانی باکووری ئیسرائیلدا تەقاندووەتەوە کە لە لوبنانەوە ئاراستە کرابوون.

بەپێی هەواڵدەریی فەرمیی لوبنان، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل چەندین گوندی باشووری لوبنانیان بۆردومان کردووە و پێشتریش زیاتر لە ٤٠ ناوچە لەوانەش شاری "سوور" کرابوونە ئامانج کە چەندین برینداری لێ کەوتووەتەوە.

هاوکات، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند کە لەگەڵ بێنیامین نەتانیاهوو قسەی کردووە تا هێرشە گەورەکەی بۆ سەر بەیرووت ڕاگرێت و نەتانیاهۆش هێزەکانی گەڕاندووەتەوە.

ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ نوێنەرانی حیزبوڵڵا قسەی کردووە و ئەوانیش قبووڵیان کردووە تەقەکردن لە ئیسرائیل ڕاگرن.

ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدا بەردەوامن کە بڕیارە خولێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان دەوڵەتی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنگتۆن بەڕێوە بچێت؛ لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمدواییە ئەمە چوارەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە.