کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری شاندێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ مام جەلال

04:08 - 13 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ مام جەلال تاڵەبانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان چاوپێکەوتنی پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، سەردانی مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد.

شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ سەرەتا لە مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن مەلا بەختیار و ژمارەیەک کەسایەتیی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرا و لەپێوەندیی لەگەڵ دۆخی سیاسیی ناوچە‌ی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، عێراق بە گشتی و کوردستانی باشوور بەتایبەتی ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنە دوولایەنەدا، لەسەر پێوەندییە دێرینەکانی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی نیشتمانی پێداگری کرایەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە پاش چاوپێکەوتنی دوو شاندی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی نیشتمانی لە مەکتەبی سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانی، کاتژمێر ١ و ٣٠ی خولەکی دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ، شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانی لە شوێنی تایبەتی خۆی کرد.

لەو دیدارەدا، شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە دیدار لەگەڵ مام جەلال و بەرز نرخاندنی رۆڵیان لە خەبات و بونیادنانەوەی عیراقی نوێ و شوێن‌دانەری لەسەر رەوتی سیاسی لە کوردستانی باشوور، چەند پرسێکی گرینگی دیکەیان تاوتوێ کرد.

شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش دیدار لەگەڵ مام جەلال تاڵەبانی، لەلایەن شاندێکی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بە گەرمی بەڕێ کران.