کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان بوومەلەرزە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی هەژاند

12:00 - 12 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: سێ ساڵە بوومەلەرزە، کوردستانی ڕۆژهەڵات دەهەژێنیت و گیان و ماڵی خەڵکی بێ دەرەتان زەرەرمەند دەبێت و لەم دواییانەشدا، بوومەلەرزە چەند شاری کوردستانی ڕۆژهەڵاتی هەژاند.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمڕۆ ١٢ی گەلاوێژ، بوومەلەرزەگەلێک، چەند شاری کوردستانی ڕۆژهەلاتی هەژاند کە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵکی ئەو شارانەی لێکەوتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ ١٢ی گەلاوێژ، بوومەلەرزەیەک بە تەوژمی ٣.٦ ڕیشتێر و قووڵایی ١٠ کیلۆمیتر، ٢٥ کیلۆمیتریی شاری "شنۆ" و "سیلوانا"ی هەژاند کە هەمان بوومەلەرزە لە ورمێش هەستی پێکراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و ئەمڕۆ ١٢ی گەلاوێژ، ٤ بوومەلەرزەی یەک لە دوای یەک، سێ شاری "سوومار، تازاوا و سەرپێڵ زەهاو"ی  پارێزگای کرماشانیان هەژاند کە گەورەترینیان بە تەوژمی ٤.٢ ڕیشتێر و بە قووڵایی ٨ کیلۆمیتر، لە شاری تازاوا ڕووی داوە.

سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانی ئەو بوومەلەرزانە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.