کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیوانی باڵای عێراق، سکاڵای گرووپەکانی سەر بە ئێرانی ڕەت کردەوە

10:53 - 7 بەفرانبار 2721

دیوانی باڵای عێراق، سکاڵای گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە بابەت هەڵبژاردنەکانی پارلمانەوە، رەت کردەوە.

ڕەوتی "سەدر" وەکوو براوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بەرنامەیەکی نەتەوەیی و دژایەتی لەگەڵ دەستێوەردانی ئێران هاتووەتە مەیدانەوە.

"ڕەوتی سەدر" لە کۆی ٣٢٩ کورسیی پارلمان، زۆرترین ڕێژە واتا ٧٣ کورسی بەدەست هێنا و لە کوردستانیش "پارتی دێموکراتی کوردستان" توانی ٣١ کورسیی پارلمانی بەدەست بهێنێت.

لە بەرامبەردا گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨دا توانیبوویان ٤٨ کورسی بەدەست بهێنن، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا تەنیا توانییان ١٤ کورسی بەدەست بهێنن.

گرووپەکانی سەر بە ئێران لە کاردانەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانبار "دادگای باڵای عێراق" بۆ بە دواداچوون بە سکاڵای لایەنە ناڕازییەکان لە بابەت ئەنجامی هەڵبژاردن دانیشتنێکی پێک هێنا.

لەو دانیشتنەدا دادگای باڵای عێراق داوای "هادی عامری" سەرۆکی "هاوپەیمانی فەتحـ"ی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕەت کردەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بەهۆی نەبوونی  بەڵگە لەسەر ساختەکاری وەکوو خۆی پەسند کرد.