کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دی وێڵت: سپای قودس ٦٧٠ تۆن نیترات ئامۆنیۆمی بە حیزبوڵڵا داوە

18:44 - 30 گەلاوێژ 2720

ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی بڵاوی کردووەتەوە کە نیترات ئامۆنیۆمێک کە لە بەیرووت تەقیوەتەوە، ئێران بۆ حیزبوڵڵای ناردووە.

ڕۆژنامەی ئاڵمانیی "دی وێڵت" لە ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلدا بڵاوی کردووەتەوە کە هۆکاری سەرەکیی تەقینەوە لە کەنارئاوی بەیرووت، ڕێژیمی ئێران بووە.

ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "تێرۆریست قاسم سلێمانی پێش کوژرانی، بارێکی گەورەی نیترات ئامۆنیۆمی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان ناردووە".

لە ڕاپۆرتەکانی پێشوودا باس لەوە دەکرا کە سەرچاوەی ئەو مادەیە، باری دەست بەسەرداگیراو لە کەشتییەکی گومانلێکراو بووە کە هەڵگری نیترات ئامۆنیۆم بووە بۆ مووزامبیک.

ئەو ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە زانیاریی "سەرچاوە ئەمنییەتییە ڕۆژئاواییەکان"، کە ناویانی ئاشکرا نەکردووە ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا نیترات ئامۆنیۆمی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان ناردووە.

"دی وێڵت" لە درێژەدا وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران بارگەلێکی گەورەی نیترات ئامۆنیۆمی کە قورسیی ٣ باریان لە نێوان ٦٣٠ تا ٦٧٠ تۆن بووە لە ڕێگەی بەندەری بەیرووت، فڕۆکەخانەی لوبنان یان مەرزی زەوینی لەگەڵ سوورییەدا بۆ لوبنانی ناردووە.

ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی "دی وێڵت" نیشان لەوە دەدات کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەوڵی تێکدانی ناوچەکە و هەروەها پشتیوانی لە هێزە تێرۆریستییەکانی داوە و هۆکاری سەرەکیی کوشتار و وێرانییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕێژیمی ئێران و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمەیە.