کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری پێشووی تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا دەڵێت کە لە ئێراندا میانەڕەو و توندڕەوەکان هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نییە.
"دێنس ڕاس"، ڕاوێژکاری پێشووی تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، لە کاناڵی میدیایی "سی ئێسپێن" ڕایگەیاندووە: "لەنێو ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا شتێک بە ناوی میانەڕۆ و توندەڕەو، بەو شێوەیە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ببێت، بوونی نییە، بەڵکوو لە لایەکەوە ئینقلابییەکان هەن و لە لایەکی دیکەوە بەرژەوەندیخوازەکان. جیاوازیی نێوان ئەم دووانە تەنیا ئەوەیە کە بەرژەوەندیخوازەکان دەڵێن بۆ سەرکەوتنی ئینقلاب حکومەت دەبێ پەیوەندی و نیزامێکی ئابووریی باشی هەبێت."
ناوبراو پشتیوانیی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی "ترامپ" لە بەرامبەر ئێراندا کردووە و بە سەرکەوتووی زانیوە و باسی لەوە کردووە کە دەوڵەتی ڕێژیمی ئێرانیش بۆ دەربازبوون لەو گەمارۆیانە، تا دوا ڕادەی خۆی گوشار دەخاتە سەر دەوڵەتی ئامریکا.
"دێنس ڕاس"، لەبارەی تەقاندنەوەی دوو نەوتکێشەکە ڕایگەیاندووە: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ڕێژیمی ئێران هێرشی بۆ سەر دوو نەوتکێشەکەی دەریای عومان ئەنجام داوە."