کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەبێ ئێران خۆی بۆ دەستپێکی دانوستانەکانی دیاریکردنی قەرەبووکردنی زیانەکانی فڕۆکەی ئۆکراینی ئامادە بکات

19:37 - 26 سەرماوەز 2721

وڵاتانی کانادا، بریتانیا، سوید و ئۆکراین داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە بە زووترین کات بڕیاری خۆی بۆ دەستپێکی دانوستانەکانی دیاریکردنی قەرەبووکردنی زیانەکانی فڕۆکەی ئۆکراینی ڕابگەیەنێت.

ئەو چوار وڵاتە داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە لە کەمتر لە سێ حەوتوودا بۆ دانوستان لەسەر قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی فڕۆکەی ٧٥٢ی ئۆکراین ئامادە بێت و ڕایەنگەیاندووە، لە ئەگەری ئەوەیکە ئێران ئامادە نەبێت، ئەو وڵاتانە خاڵی دیکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی یاسادا دەدۆزنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو چوار وڵاتە وا دەردەکەوێت کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی دوو ساڵ تێبەڕبوون لە کارەساتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، بە شێوەیەکی ئەوتۆ هەوڵی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەداوە و بە بەڵێنییەکانی خۆی بەنیسبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێبەند نییە.

ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ فڕۆکەی بووئینگی ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، لەلایەن پەدافەندی ئاسمانیی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە و لە ئەنجامدا ١٧٦ موسافیری ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا.

هەتا ئێستا چەندین جار بنەماڵەی قوربانییان بەنیسبەت کەمتەرخەمیی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت ئەو ڕووداوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێناوە و بە توندی ڕەخنەیان لەو ڕێژیمە گرتووە.