کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرچووانی زانکۆکان، ئێران بەجێ دەهێڵن

12:24 - 7 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کۆچبەری و ڕۆیشتنی دەرچووانی زانکۆکان و بلیمەتەکان لە ئێراندا درێژەی هەیە و ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆ لە ئێران دەچنە دەرەوە.

"سورنا سەتاری"، جێگری زانست و فەناوەریی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لەبارەی کۆچبەریی دەرچووانی زانکۆکان وتوویەتی: "ئاماری کۆچبەریی دەرچووانی زانکۆکان لە ئێراندا ساڵانە لە نێوان ٣٢ هەتا ٤٠ هەزار کەسە".

بەپێی ئەو ئامارە کە بڵاو کراوەتەوە، پلەی ئێران لە ئاستی جیهاندا لە نێوان ١٢ هەتا ١٥یە.

ئەو قسانەی "سەتاری" لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی نێودەوڵەتیی دراو، ئێران لە نێوان ٩١ وڵاتی لە حاڵی گەشەدا، پلەی یەکەمی لە هەڵاتنی مێشکەکاندا هەیە و ساڵانە ١٥٠ هەتا ١٨٠ هەزار بلیمەت لە ئێران کۆچ دەکەن.

نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ خوێندن، نەبوونی دەرفەتی کار و ناعەداڵەتی لە دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆکان، یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچی بلیمەتەکانە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی زانستیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئاماری بێکاریی دەرچووانی زانکۆ نزیکەی ١٩ لەسەدە، ئەم ئامارە بۆ ژنان نزیکەی دوو بەرابەری ڕێژەی بێکارانی پیاو مەزەندە دەکرێت.

کێشە ئابوورییەکان، لەخواربوونی ئاستی زانستی زانکۆکان و حەزی بەدەستهێنانی بڕوانامە، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێکاریی دەرچووانی زانکۆکان لە ئێراندا ڕاگەیەندراوە.