کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای دادی ڕێژیم بکەرانی سەرەکیی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینییان بە بێتاوان ناساند

12:33 - 10 خەرمانان 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی خەرمانان، ئەنجوومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە دەزگای دادی ڕێژیم "بکەران و بەرپرسانی سەرەکیی" ئەو تاوانەیان بە بێتاوان ناساندووە و چەند ئەفسەری پلەنزمیان بە بەرپرس و تاوانباری سەرەکیی ئەم جینایەتە ناساندووە.

بەپێی بەیاننامەی بنەماڵەی قوربانییان، پێشتر دادسەرای نیزامیی تاران، بڕیاری دەسبەسەرکردنی جینایەتکارانی سەرەکی دەرکردبوو بەڵام ڕێژیم بکەرانی سەرەکیی ئەو جینایەتەی بە بێتاوان ناساندبوو.

لە بەیانییەکەدا هاتووە، بڕیاری دەسبەسەرکردن و بەدواداچوون بۆ بکەرانی سەرەکی هەڵوەشاوەتەوە.

ئەنجوومەنی باڵای ئەمنییەتی ئێران، سپای تێرۆریستی پاسداران، تۆڕی یەکپارچەی پەدافەند، سیستمی پەدافەندی غەیرە عامل، هێزی ئاسمانیی سپا، ڕێکخراوی ئاسمانیی ئێران، حوسێن سەلامی (فەرماندەی سپا)، ئەمیر عەلی حاجی زادە (فەرماندەی هەوافەزا) و عەلی عابدزادە ( بەرپرسی ئەو کاتی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی رێژیم) بڕیاری دەسبەسەرکردنیان لەلایەن دادسەرای نیزامیی تاران دەرچوو بوو، هەڵوەشایەوە.

ئەنجوومەنی بنەماڵە قوربانییەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە ئاماژە بە دوایین ڕاپۆرتی تیمی بەدواداچوونی کانادا، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم بە بکەری ئەم جینایەتە دەزانن و خوازیاری دادگایی کردنیانن.