کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای قەزاییی ڕێژیم دانی بە نەشیاویی خۆیدا نا

12:11 - 7 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە زۆربوونی لەڕادەبەدری دۆسیە لە ئێراندا ناڕەزایەتی دەربڕێوە و وتویەتی: دەبێت زۆریک لە کێشەکان لە ڕێگای ڕیشسپی و کوێخاکانەوە چاەسەر بکرێن.

بە هۆی ئەوەی کە وڵاتی ئێران لە کێشە و گرفتێکی لەڕادەبەدردا نوقم بووە و ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەریی ئەم کێشانە هیچ توانایەکی نەماوە، ''ئیبراهیم ڕەئیسی''، بەرپرسی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، کە ئەم کێشانە نابێت ببن بە دۆسییەی قەزایی، بەڵکوو دەبێ لە ڕێگای کوێخا و ڕێشسپییەکانەوە چارەسەر بکرێن.

''سادق ئامۆلی لاریجانی''، بەرپرسی پێشووی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران وتبووی: ساڵانە ١٧میلیون دۆسیە لە دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران دروست دەکرێت.

نابراو، هەروەها باسی لەوە کردبوو، بە هۆی بەرزبوونەوەی گەندەڵی و کێشە ئابوورییەکان لە کۆمەڵگادا، میلیۆنها دۆسیە لە دادگوستەرییەکانی ئێران پێک دێنێت و هەمووی لە دەزگای دادوەری ڕێژیم کۆ دەبێتەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی، دانی بە ناتوانی دەزگای قەزاییی ڕێژیم داناوە و دەڵیت: لە ڕێگای ڕیشسپییەکانی نێو کۆمەڵگای ئێران دەتوانین پێش بە بەرزبوونەوەی میلیۆنان دۆسیە لە دەزگای قەزایی بگرین.

ناوبراو گرینگترین کەرەستەی بۆ چارەسەریی ئەم پرسەی ''امر بە معروف و نهی از منکر'' زانیوە، کە بەرگری لە ئیسلام و ئابڕووی موسڵمانان دەکات.

پێشتر ئەو بەرپرسەی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردبوو، کە بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی دەبێت، لە پێشدا بەرەنگاری ئەو پێکهاتانەی کە گەندەڵی دروست دەکەن، ببینەوە و ئەوەش ئەرکی دەوڵەت و مەجلیسە نەک دەزگای قەزایی.

ئەوە لە حاڵێکدایە، کە "ئیبراهیم ڕەیسی''، یەکێک لە جەنایتکارەکانی ڕێژیمی ئێران بووە، کە لە هەیئەتەکانی مەرگدا دەستی هەبووە.

نابراو لە ئێعدامەکانی سالی ٦٧دا لە ماوەی چەند مانگدا حوکمی ئێعدامی٢٨٠٠ هەتا ٣٨٠٠ دەر کردووە.

هەروەها بە هۆی ئەوەی کە کێشە و گرفتەکان ڕۆژبە ڕۆژ لە نێو کۆمەڵگای ئێراندا بەرز دەبێتەوە، دەگەڕێتەوە سەر خودی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران کە بێکاری، هەژاری، ئێعتیاد و دەیان دیاردەی ناحەزی دیکەی خولقاندووە و بۆی چارەسەر ناکرێت.