کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێیەمین هێرش بۆ سەر بوشێهر؛ ڕووسیە هێزە پسپۆڕەکانی لە ئێران دەباتە دەرەوە

20:19 - 8 خاکەلێوه 2726

بەڕێوەبەری شیرکەتی وزەی ئەتۆمیی ڕووسیە (ڕووس ئەتۆم)، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە نزیکەی ٤٠٠ پێرسۆنێلی وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهریان کشاندووەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی وێستگەکە بەرەو خراپتربوون دەچێت.

ئەلێکسی لیخاچۆڤ، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ''دۆخی ئەم شوێنە بەردەوام لە خراپتربووندایە؛ شەوی ڕابردوو بۆ سێیەمین جار هێرشکرایە سەر یەکەی چالاکی ڕاکتۆری ژمارە یەک هاوشێوەی جاری دووەم، لە نزیک وێستگەی پۆمپاژی ئاو تەقینەوە ڕووی داوە، کە ئەرکی دابینکردنی ئاوی بۆ ئامێرەکانی ڕاکتۆرەکەی لەسەرە. بە ئاسانی دەتوانرێت پێشبینی بکرێت کە ئەم بابەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمنییەتی ئەتۆمی.''

ناوبراو هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هێرشەکەی دوێنێ شەودا کەس زیانی پێنەگەیشتووە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئێران لە هێرشێکی دیکە بۆ نزیک وێستگەی بوشێهر ئاگاداری کردوونەتەوە. لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ئەمە سێیەمین هێرشە بۆ سەر ئەو وێستگەیە.

شیرکەتی "رۆس ئەتۆم" دەڵێت تا ئێستا نزیکەی ٤٠٠ کەسی لە وێستگەکە بردووەتە دەرەوە، کە لە دوایین قۆناغدا ١٦٣ کەسیان ئێرانیان جێهێشتووە و دوو گرووپی دیکەش لە ڕۆژانی داهاتوودا دەچنە دەرەوە.