کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات ڤیزای هەزاران ئێرانی هەڵوەشاندەوە

20:23 - 8 خاکەلێوه 2726

لە کاردانەوەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیمارات، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستیان کردووە بە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای ژمارەیەکی زۆری ئێرانییەکان.

ئەم بڕیارە تەنانەت ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لەو وڵاتەدا خاوەنی "ڤیزای زێڕین" و موڵک و شیرکەتن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو ئێرانییانەی لە کاتی هێرشەکاندا لە دەرەوەی ئیمارات بوون، ڕێگرییان لێ کراوە بگەڕێنەوە و شیرکەتەکانی فڕۆکەوانی لە وڵاتانی وەک عومان و تورکیەوە، ڕێگەیان پێنەداون سواری فڕۆکە بن و گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.

پێشتریش ئیمارات قوتابخانە ئێرانییەکانی داخست و مامۆستاکانی دەرکرد، هەروەها چەند گرووپێکی سەر بە تاران و حیزبوڵڵای بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستگیر کردووە.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هاتن کە ئێران بنکە سەربازی و کێڵگە نەوتییەکانی ئیماراتی کردە ئامانج، ئەمەش پەیوەندییە مێژوویی و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندووەتە لێواری پچڕانی تەواوەتی.