هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:
هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەرەدان بە ناسەقامگیریی ئەمنییەتی لە هەرێمی کوردستانە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ٨ی خاکەلێوە بە شەش دڕۆن هێرش کرایەوە سەر دهۆک و هەولێر کە یەک لەو شوێنانە ماڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک بە توندی مەحکوم دەکات و لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی ئەمنییەتیی گەورە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پیلانی تێکدەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوژمنانی دیکەی کورد لە عیڕاق بۆ تێکدانی ئارامی و ئەمنییەتی سەقامگیری هەرێمی کوردستانن.
ڕێژیمی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا بە بەردەوامی هەرێمی کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ و شەڕەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و لە سۆنگەی ئەم سنووربەزاندن و دەستدرێژییانەوە زیانی گیانی و ماددیی زۆر بە خەڵک و هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان کەوتووە. بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانەی تاران دابنێ و ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی هیندەی دیکەش هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دروست بکات.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنەوەی ئەو هێرشانە هاوکات پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی سیاسیی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
۸ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (٢٨/٣/٢٠٢٦)