کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: ٣ هەزار و ٥٠٠ سەرباز و کەرەستەی قورسی شەڕ گەیشتنە ناوچەکە

21:46 - 8 خاکەلێوه 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، ناوگانە شەڕکەرەکانی هێزی دەریایی کە نزیکەی ٣ هەزار و ٥٠٠ سەربازی "مارێنز"ی هەڵگرتووە، گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناوگانی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" (USS Tripoli) کە کەشتییەکی هێرشبەری ئاویی - وشکانییە، لەگەڵ یەکەکانی ٣١ی هێزی مارێنز کە لەو ناوگانەدا بوون، پێشتر لە ژاپۆن جێگیر کرابوون.

ئەم هێزانە خەریکی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی بوون لە دەوروبەری تایوان، بەڵام نزیکەی دوو حەفتە پێش ئێستا فەرمانی جووڵەکردن بەره و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پێگەیشت.

سێنتکام ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ناوگانە جگە لە هێزەکانی مارێنز، فڕۆکەی بارهەڵگر و فڕۆکە شەڕکەرەکان و هەروەها کەرەستەی هێرشبەری ئاویی - وشکانی گواستووەتەوە بۆ ناوچەکە.

هاوکات ناوگانی "یو ئێس ئێس باکسەر" (USS Boxer) و دوو کەشتیی دیکە، لەگەڵ یەکەیەکی دیکەی هێزەکانی مارێنز لە "سان دیێگۆ"وە فەرمانی ناردنیان بۆ ناوچەکە پێگەیشتووە.