بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٩ی خاکەلێوە کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە بە مووشەک و دڕۆن هێرشیان کرایەوە سەر. هێرشی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان حیزبی دێموکرات چەند شەپۆلی یەک بە دوای یەک بووە.
هێرشەکانی ئەم بەیانییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی نوێ و چڕی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە لەودا بە دەیان مووشەک و دڕۆن هێڕش کراوەتە سەر سلێمانی، هەولێر، دهۆک، سۆران، پیرمام، بەحرکە، بەستۆرە، کۆڕەک، مەخموور و چەند ناوچەیەکی دی.
جێی بیرهێنانەوەیە لە ماوەی نیزیک بە یەک مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیزیک ٥٠٠ درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شوێنە مەدەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەوە هەتا ئێستا ١٤ پێشمەرگەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندار بوون.