ئەمڕۆ شەممە، ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ لە شاری سۆران لە باشووری کوردستان کۆبوونەوەیەک بۆ مەحکوومکردنی تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا هێرشە مووشەکییە بەردەوامەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان مەحکووم کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە دەستپێشخەریی حیزبی شیوعیی کوردستان و بۆ مەحکوومکردنی بە ئامانجگیرانی هێزەکانی پێشمەرگە لە سپیلک ڕێکخرابوو، هەژار ئیبراهیم، بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخستنی سۆران بەیاننامەیەکی خوێندەوە. لە بەیاننامەکەدا پێ لەسەر ئەوە داگیرابوو کە ئەم هێرشانەی تاران پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بەهەندنەگرتنی سەروەریی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە.
لەو خۆپێشاندانەدا وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی پێشمەرگە و قوربانییانی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرابوو هەوڵی بەکردەوە و هەڵویستیان لەهەمبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەبێت.
شایانی باسە لە ماوەی نیزیک بە یەک مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ٤٦٠ دڕۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شوێنە مەدەنییەکان لە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەوە ١٤ پێشمەرگەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان شەهید بوون.