کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات سێمینارێکی بەڕێوە برد

12:11 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات بە هاوکاریی دەزگای ڕێکخستن سێمینارێکی بۆ بەرپرسان و ئەندامانی کۆمیتەکانی حیزب لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە برد.

رۆژی شەممە، ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، سێمینارێک بۆ بەرپرسان و بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەکانی حیزب لە هەرێمی کوردستان  لە پێوەندی لەگەڵ پرسی هەڵبژاردن لە حیزبی دێموکراتدا بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر "دارا ناتق"، بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب لەسەر ئامانجی کۆبوونەوەکە و هەروەها گرینگیی کۆڕ و سمیناری لەم شێوەیە  لە پێوەندی لەگەل پرسە جۆراوجۆرەکان و یەک لەوان ململانێی ئێران و ئامریکا لە ناوچەکە بۆ بەشداربووان دوا. ناوبرا باسی لە ئەرکی ئەندامان وەکوو کۆڵەکەیەکی سەرەکیی حیزب و خۆئامادەکردن و چۆنیەتیی خۆپاراستنیان لە ئەگەری هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکدا کرد، کە لە ئەگەری ئەو ململانێیانەدا دێنە ئاراوە.

پاشان سەلیم زەنجیری، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن باسێکی گشتیی لەسەر هەڵبژاردن و گرینگی ئەو پرسە و نەخشی لە چارەنووس و ژیانی سیاسیی ئەحزابدا پێشکەش کرد و ئاشکرای کرد، کە ئەو چەمکە لەمێژە لە حیزبی دێموکراتدا نەهادینە و بەدامەزراوەیی کراوە و یەکێک لە پایەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای دێموکراسی و هەڵبژاردن بونیات نراوە.

 زەنجیری ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی دوای کونگرەی شازدەیەم لە پێکهاتەی حیزبی دێموکرات و دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت بەو پرسە کرد و ڕایگەیاند، کە گرینگی و زەروورەتی دامەزراندنی ئەو دەزگایە، نیشانەی بایەخدانی زیاتری ڕێبەریی حیزب بەو پرسەیە و هەروەها وڵامێکی زۆر بەجێ بەو دەنگۆیانەیە کە باس لە کاڵکردنەوە یان وەلانانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە دەکەن.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن هەروەها ڕایگەیاند: کە لە هەوڵدان کە ڕێکار و میکانیزمی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی ستراکتێری نوێی حیزبی دێموکراتدا ئامادە و دوای پەسەندکردنی لە لایەن ناوەندی سیاسییەوە، بە زوویی دەست بە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبدا بکەن، تاکوو ئەو هەڵبژاردنانە ببنە کێبڕکێیەک بۆ خزمەتی زیاتر و وەسیلەیەک بۆ گەیشتنی کەسانی شیاو بە شوێنی شیاو.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، "عەباس ئەحمەدی"، ئەندامی دەزگای هەڵبژاردن بە نوێنەرایەتیی ئەو دەزگایەوە باسێکی لەسەر پێویستی و زەروورەتی بە ئێلکترۆنیکردنی کاری ڕێکخستنی کرد و شیکردنەوەی زیاتری لەو پێوەندییەدا بە بەشداران دا.

بڕگەی کۆتایی سێمینارەکە، بۆ وڵامدانەوە بە سەرنج، تێبینی و پرسیاری بەشداربووان تەرخان کرا.