کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاگادارییەکدا داوای لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد، لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سوشیاڵ میدیا، پڕەنسیپەکان لەبەرچاو بگرن.
دەقی ئاگادارییەکە بەم شێوەیەیە:
بۆ ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هەر وەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە، بە هەست بە بەرپرسیاریەتی و زەروورەتی پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزب، پێویستە و ئەرکە لە سەر شانی تێکڕای ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سوشیاڵ میدیا؛ نەبنە لایەن لەو شەڕە قسە و بێرێزیکردنەی که خەڵکانی دیکە بە دوور لە هەر چەشنە پڕەنسیپێک هێرش دەبەنە سەر لایەن و ڕەوتە سیاسییەکانی دیکە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبێکی بە پرستیژ و جێگای متمانە و باوەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەر چەشنە بێڕێزی، تۆمەت وەپاڵدان و هێرش بۆ سەر لایەنە سیاسییەکانی دیکە، لە دەرەوەی پڕەنسیپی تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی هەژمار دەکرێ. هەر بۆیە ئەندامانی حیزب ئاگادار دەکەینەوە بەوپەڕی لێبوردەییەوە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدەن و سیاسەت و هێڵە تەشکیلاتییەکان پێڕەو بکەن،بە پێچەوانەوە لێی بەرپرسیارن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای ڕێکخستنی گشتی
٢ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی
٢٤ی سێپتامبری ٢٠١٨ زایینی