کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات ڕوو لە کوێستانچییەکانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە

11:22 - 31 بانەمەڕ 2720

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوو لە هاونیشتمانانی وەرزێڕ، مەڕدار و کوێستانچییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، داواکارییەکی بڵاو کردەوە و داوای یەکڕیزی و وێکهەڵکردنی لێ کردن.

دەقی داواکارییەکە بەم چەشنەیە:

داواکارییەک لە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بۆ هاونیشتمانانی وەرزێڕ، مەڕدار و کوێستانچییەکانی کوردستانی خۆرهەڵات

بەداخەوە لەم وەرزەدا، لە ئەمساڵ و لە چەند ساڵی ڕابردووەوە شاهیتی کۆمەڵێک ڕووداوی دڵتەزێن و تێکهەڵچوون و بەگژیەکداچوونی ناپێویست لە پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی کەڵک وەرگرتنی هاووڵاتییان لە ڕێباز و لەوەڕگە و کوێستان و هەوارگەکانین. ئەو ڕووداوانە زیانیان بە سروشتی وێکهەڵکردن و بەرژەوەندیی هاوبەش و سەرەنجام یەکیەتی و یەکڕیزیمان دەگەیەنێت. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە نیشتمانی ئێمە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنی لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا لێ زەوت کراوە، دەسەڵاتێک دەسەپێندرێت کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا نیشانی داوە کە دژی یەکڕیزی و تەبایی گەلەکەمانە، بە پیلانگێڕیی ئاشکرا و نهێنی کێشە دەخوڵقێنێت و پەرە بە ناکۆکی و لێکترازانەکان دەدات و ئاگری ئاژاوە نێڵ دەدات.

هەر بۆیە، هاونیشتمانانی هاوسا، هاوخوێن و هاوبەرژەوەندی، پێویستە بەکۆکی و وێکهەڵکردنی بەرپرسانە لە سەرچاوە هاوبەشەکانی ژیان کەڵک وەربگرن، بە گیانی تەبایی نیشتمانی و نەتەوەییەوە بەرەنگاری کێشە و گرفتەکان ببنەوە و ئیزن نەدەن ڕووداوەکان ببنە هەوێنی دیاردەی دڵخوازی دوژمنانمان و لە ئەگەری هەر پێشهاتێکی نادڵخوازدا بگەڕێنەوە بۆ ئەو عورف و یاسا و ڕێسا و پێبەندییانەی بەر لە دەسەڵاتی نگریسی ڕێژیمی ئیسلامی پێڕەوییان کردووە و ڕۆحی تەبایی و خۆشەویستی بگێڕنەوە بۆ کۆمەڵگا و زێدە خۆشەویستەکەیان کە نیشتمانێکی دەوڵەمەند و پاراوە بە سەرچاوەکانی ژیان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ئەوەی داوا لە هاونیشتمانانی وریا و دڵسۆزی گەل دەکات یەکیەتی، یەکڕیزی و تەباییان بپارێزن، هاوکات هاوکار و یارمەتیدەرتان دەبێ بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەکاندا و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی یان بەدەستیانەوە داماوە و یان بەئەنقەست لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ڕژیمدا پەرەیان پێداوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

٣١ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی