دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە دڵگرانین بە لەدەستدانی چوار تێکۆشەری ژینگەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و برینداربوونی کۆمەڵێک لە هاوڕێ و هاوخەباتەکانیان .
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
نیشتمان سەوز و ڕۆڵەکانی سەربەرزن
بەداخەوە ڕۆژ نییە ڕووداوی دڵتەزێن و کارەساتی خەمهێنەر بەرۆکی نیشتمانی خۆشەویستمان نەگرێ و برینێکی نوێ نەکەوێتە سەر جەستەی کوردستان.
لە سێبەری دەسەڵاتی شووم و خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامیدا کوردستان کراوەتە مۆڵگەیەکی گەورەی نیزامی و بە چەکداری گوێلەمست و ڕەنگاوڕەنگ ئاخنراوە.
هەموو دەرەتان و ئیمکاناتی خزمەت بە خاک و خەڵکی کوردستان به گەرووی مشەخۆران و دەسەڵاتدارانیان دادەکرێ و وڵات و زێد و ژینگە بوونەتە قوربانیی لێکەوتەکانی ئەم حکوومەتە زۆروێژ و کۆنەپەرست و ماڵوێرانکەرە.
هەر لەو سێبەرە نگریسەدا ژینگەی کوردستان یەکێکە لە قوربانییەکان و هەر جارەی سووچێکی خاکەکەمان دەکەوێتە بەر لرفەی بەئەنقەست یان دەستەوەستانی و ناکارامەیی دەسکردی دام و دەزگای بەناو خزمەتگوزاریی دەوڵەتی بە پانتایی کوردستان.
دڵگرانین بە لەدەستدانی چوار تێکۆشەری ژینگەیی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و برینداربوونی کۆمەڵێک لە هاوڕێ و هاوخەباتەکانیان .
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی لە تێکڕای خەڵکی کوردستان، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و بنەماڵەی شەهیدانی ژینگە خاتوو "شوعلە قادری، داوود باخیش، ئارشام عەزیزی و کاوە خوسرەوزادە" دەردەبڕێ و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای ڕێکخستنی گشتی
١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی