دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارت بە شەڕ و تێکھەڵچوونی ئەم دواییانە لەنێوان چەند بنەماڵەی کورد و ئازەری لە "ماکۆ" لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە گەلی کورد و ئازەریی ناوچەکە کردووە بە وریایی و وشیارییەوە بەرەنگاری پیلانی پیلانگێڕانی ڕێژیم ببنەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانە بەڕێزەکان!
خەڵکی نیشمانپەروەر و ئاشتیخوازی ناوچەی ماکۆ!
هەروەک ئاگادارن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئاژاوەنانەوەی چەند کاربەدەستێکی بەدناوی ڕێژیم لە ناوچەی ماکۆ، شەڕ و تێکھەڵچوون لەنێوان چەند بنەماڵەی کورد و ئازەریی ئالاجیقی ماکوو لەسەر هەوار و لەوەڕگە دروست ببوو کە بەداخەوە کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە.
ماوەیەکە بەهەلپەرستی، کێشە و ئالۆزیی مەبەستدار لە ناوچەی ''خۆی و ماکۆ' لەنێوان کورد و ئازەریدا دەخولقێندرێن، کە جێگای نیگەرانین.
دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوون لە ڕوودانی ئەم جۆرە ئاڵۆزییانە داوا لە کورد و ئازەرییەکانی ناوچە دەکات بە زووترین کات کۆتایی بە گرژی و تێکهەڵچوونی نێوانیان بێنن و نەهێڵن کۆماری ئیسلامی ئاوی ئاشتی و پێکەوە ژیان لێڵ و ڕاوی ماسیی شەڕی لێ بکات.
داوا لە هاونیشتمانانی بەڕێز لە هەردوو گەلی برا، کورد و ئازەری دەکەین، بە وریایی و وشیارییەوە بەرەنگاری پیلانی پیلانگێڕانی ڕێژیم ببنەوە و پێش بە تەشەنەی ئەو جۆرە ڕووداوە نەخوازراوانە بگرن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای ڕێکخستنی گشتی