کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کرانی سێ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئورمیە

17:02 - 21 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەتۆمەتی کۆکردنەوەی گژوگیا و رووەکی بەهاری کە خۆراکی زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکانی کوردستانی ئێران لە وەرزی بەهار دایە، ٣ هاووڵاتی دەسبەسەر کران.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ژمارەیەک هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و پیرانشار لە پارێزگای ئورمیە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ بانەمەڕ وێڕای بنەماڵەکانیان بە مەبەستی هێنانەوە گژوگیای بەهاری سەردانی کوێستانەکانی سایین‌قەڵایان کردووە کەلە گەڕانەوەدا لەسەر پردی سایین‌قەڵا لەلایەن ئیدارەی \'\'منابع طبیعی\'\'یەوە پێشیان پێ گیرا و دەسبەسەر کران.
بەپێی ئەم راپۆرتە لەو رێگرییەی مەئموورانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکاندا ٣ کەس لەو هاووڵاتییانە کە یەکێکیان ناوی \'\'ئەسعەد بایەزیدی\'\' بووە بۆ چەند کاتژمیر دەسبەسەر کراون و پاش وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر ئازادیان دەکەن.
هێزەکانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان بە زۆرەملێ بڕی ١٠ میلیۆن تمەنیان لەو ٣ هاووڵاتییە وەرگرتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: یەکێک لەو هاووڵاتییانە کەلە باری جەستەیی‌یەوە لاواز بووە، تکا و لاڵانەوەیەکی زۆر لەو مەئموورانە کردووە، بەڵام هیچ شتێک کارساز نەبووە و دەستیان بەسەر هەموو پارەکانی کە ٣ میلیۆن تمەن بووە، گرتووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوە ئەم هەواڵە ناسنامەی دوو هاووڵاتییەکەی دیکە ئاشکرا نەبووە.
کۆکردنەوە و فرۆشی گژوگیا و رووەکی خۆراکیی چیاکانی کوردستان لە وەرزی بەهاردا، داهاتی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دابین دەکات و لەو وەرزەدا زیاترین فرۆشی لە بازارەکاندا هەیە.
کۆکردنەوەی و فرۆشی رووەکە خۆراکییەکانی کوردستان لە باری یاسایی‌یەوە قەدەغە نییە و مافی سروشتیی هەموو مرۆڤە رووەکخۆرەکانە کە لەو سەرچاوە سروشتییە کەڵک وەربگرن.