کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستڕێژی هێزە نیزامییەكانی رێژیم، بریندار بوونی هاووڵاتییەكی سەردەشتی لێكەوتەوە

23:56 - 8 گەلاوێژ 2712

كوردستان میـــــدیا : هێزە نیزامییەكانی رێژیم كە بە مەبەستی پشكنینی ماڵی خەڵك رۆیشتبوونە نێو یەكێك لە گوندەكانی ناوچەی سەردەشت، لەگەڵ بەربەرەكانێی خەڵك بەرەوڕوو بوونەوە.


لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت بۆ سەر خەڵكی گوندی دینارانی سەردەشت هاووڵاتییەك بەناوی ئاكۆ شێخی بە توندی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی 7ی گەلاوێژی 1391ی هەتاوی، هێزە نیزامیەكانی رێژیم جێگیر لە پایگای بێژوێ چوونەتە نێو گوندی دیناران لە ناوچەی ئالانی سەردەشت و هەوڵی پشكنینی ماڵی خەڵكیان داوە، بەڵام دانیشتوانی ئەم گوندانە بەرگرییان لە پشكنینی ماڵەكانیان لەلایەن هێزە نیزامییەكانی رێژیمەوە كردووە، ئەم هەڵوێستەش بۆتە هۆی تەقەی راستەخۆی هێزە نیزامییەكان لە خەڵك و لە ئاكامدا كەسێك بە ناوی ئاكۆ شێخی خەڵكی گوندی دیناران بە سەختی بریندار بوو.