کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمبوونی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان

11:55 - 10 پووشپەڕ 2724

بەپێی ڕاگەیاندنی ستادی هەڵبژاردنەکانی ئێران، لە کۆی نزیکەی ٦٤ ملیۆن ئێرانی کە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات هەیە، نزیکەی ٢٤.٥ میلیۆن کەس لە نێوخۆی وڵاتدا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ''ئیرنا'' ڕۆژی شەممە ٩ پووشپەڕ، موحسین ئیسلامی، وتەبێژی ستادی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، ٢٤ ملیۆن و ٥٣٥ هەزار و ١٨٥ دەنگ هەژمار کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەس بەشدارییان لە ١٤ـەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا نەکردووە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان کەمترین ڕێژەی بەشداریکردن لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا بوو.

بەپێی کۆتا لێکدانەوەی ئەنجامی خولی ١٤ی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کە لەلایەن وتەبێژی ستادی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕاگەیەندرا، مەسعوود پزشکیان و سەعید جەلیلی زۆرترین ڕێژەی دەنگیان هەیە.

هەر یەک لە مەسعوود پزشکیان، سەعید جەلیلی، محەمەدباقر قاڵیباف و مستەفا پورمحەممەدی چوار کاندیدی سەرۆککۆماریی ڕێژیمی ئێران بوون.

شایەنی ئاماژەیە، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری له ئێران سێ جار درێژ کرایەوه و بنکەکانی دەنگدان تا دوای نیوەشەو بە مەبەستی زیادکردنی بەشداریی خەڵک لە دەنگدان به کراوه مایەوه.