کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەو پارێزگایانەی کە ناوەندی شۆڕشی ژینا بوون، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە نزمترین ئاستدا بوو

12:44 - 10 پووشپەڕ 2724

ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان دەریدەخەن لەو پارێزگایانەی کە لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا زۆرترین ناڕەزایەتییان بەخۆوە بینیوە، بەشداریی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بە بەراورد بە قۆناغەکانی پێشوو زۆرترین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی داتا فەرمییەکان ڕێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای سنە ٢٣ لەسەد بووە کە یەکێک بووە لە ناوەندە سەرەکییەکانی شۆڕشی ژینا لە ساڵی ١٤٠١دا. ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژەی بەشداریی ئەم پارێزگایە لە هەڵبژاردنەکانی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ بە ٣٧.٤ لەسەد ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، شاهیدی سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان، زیادبوونی هەڵاواردن بەرامبەر بە هاووڵاتییانی کورد، گەندەڵی سیستماتیکی دامودەزگا و بەرپرسانی ڕێژیم، کێشەی ئابووری، کوشتنی کاسبکاران و هەموو جۆرە زەوتکردنێکی ماف بووە.

لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە لە ساڵی ١٤٠٠ بەپێی ئامارە فەرمییەکان ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا ٦٨.٨ لەسەد تۆمار کراوە، ئەمجارە ئامارە فەرمییەکان باس لە بەشداریی ٤٠ لەسەدی دەنگدەران دەکەن.

هەروەها لە پارێزگای گیلان کە یەکێک بوو لە ناوەندەکانی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا، ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە ٣٢.٦ لەسەد ڕاگەیەندرا. لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٤٠٠دا، ئامارە فەرمییەکان باس لە بەشداریی ٥٧ لەسەدیی خەڵکی ئەم پارێزگایە دەکەن.

ئەم هەڵبژاردنە ژمارەی پێوانەیی کەمترین ڕێژەی بەشداریی لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا شکاند و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم، بەشداری لەم خولەی هەڵبژاردنەدا  ٣٩.٩٢ لەسەد بووە.