کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی بەرپرسانی ڕیژیم بۆ چەواشەی حەماسەی بەشدارینەکردن/ زیاتر لە ٦٠ لەسەدی خەڵک "نا"یان بە ڕێژیم وت

12:02 - 10 پووشپەڕ 2724

پاش کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و تۆمارکرانی کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، بەرپرسانی ڕێژیم لە هەوڵدان تاکوو لە چەواشەکارییەکی دیکەدا شکۆی بەشدارینەکردنی خەڵک، بە شکۆی بەشداریکردن لە قەڵەم بدەن.

لەم پێوەندییەدا و پاش دەرکەوتنی ئاکامی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان و وتنی "نا"یەکی بەهێز لەلایەن خەڵکەوە بە تەواویەتی ڕێژیمی ئیسلامی، محەممەد موخبێر جێگری یەکەمی پێشووی ئیبراهیم ڕەئیسی و سەرپەرستی ئێستای سەرۆککۆماری، بەشداریکردنی ژێر ٤٠ لەسەدی بە بەشداربوونی لێزانانەی خەڵک لە قەڵەم دا و زیادی کردووە کە بەردەوامبوون لە بەشداریکردن لە خولی دووهەمدا بەم شێوەیە، دەبێتە هۆی بەهیوابوونی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی.

لە لێدوانێکی دیکەی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ بەشکۆنیشاندانی بێشکۆترین بەشداریکردنی خەڵک لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، نوێنەری خامنەیی لە بووشێهر بەشداریکردنی ژێر ٤٠ لەسەدی خەڵکی بە سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامی زانی.

هەر لەم چوارچێوەیەدا حەسەن بەهرامنیا پارێزگاری ئیلام و حەمیدڕەزا حاجی بابایی جێگری سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی هەر یەک لە دوو لێدوانی جیاوازدا بەشدارینەکردنی زیاتر لە ٦٠ لەسەدی خەڵکیان بە شکۆی کۆماری ئیسلامی ناو برد.

لەکاتێکدا کە ئەم بەرپرسانەی ڕێژیم بەشداریکردنی ژێر ٤٠ لەسەدی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بە شکۆ و حەماسەخولقاندن دەزانن کە پێشتر ڕێبەری ڕێژیم بەشداریکردنی ٤٠ لەسەدیی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکاندا بە جێگای شەرمەزاری زانیبوو.

عەلی خامنەیی لە وتارێکی نوێژی هەینیدا لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی ڕایگەیاندبوو کە بەشداریکردنی  ٤٠لەسەدیی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی هەندێک لە وڵاتان، جێگای بێ‌ئابڕوویی و شەرمەزارییە.