کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانی ڕێژیمی ئیران لە هەڵبژاردنەکانی لوبنان و عێراق

21:37 - 17 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە پاڵپشتی کردنی حیزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شەعبی، لە هەڵبژاردنەکانی ئەو دوو وڵاتە، بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکە دەگەرێت.

ڕێژیمی ئێران کە پاڵپشتی سەرەکیی گرووپی تێرۆرستیی حیزبوڵڵای لوبنانە، لە میانەی هەڵبژاردنەکانی لوبنان بە پڕوپاگاندە کردن لەو وڵاتە و یارمەتیی دارایی بەو گرووپە هەوڵی دەدا، کە حیزبوڵڵای لوبنان کە پارێزەری سەرەکیی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانە، لە هەڵبژاردنەکان سەر بکەوێت.

ڕێژیمی ئێران لە میانەی هەڵبژاردنەکاندا، کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆتایی پێ هات، زیاتر لە ٥٠ میلیۆن دۆلار یارمەتی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی داوە، کە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین کورسی بەدەست بێنێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە خەڵکی ئێران لە بارودۆخێکی نالەباری ئابووریدان و دیاردەی هەژاری لە ئێراندا لە ئاستی قەیراناوییە و مانگرتن، خۆپیشاندان، داخرانی کارخانەکان و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لە سەرتاسەری ئێراندا سەری‌ هەڵداوە.

ڕێژیم لە جیاتی ئەوەی لە بیری چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی ئێران بێت و گوێیان لێ بگرێت، بە سەرمایەکانی خەڵک لە دەرەوەی ئێراندا بە دوای سیاسەتە نامرۆیییەکانی و بەرژەوەندی نیزام کەوتووە و سەرمایەی ئەو وڵاتە بۆ تێرۆر تەرخان دەکات.

لە عێراقیش ڕێژیم، بە پاڵپشتی کردن لە حەشدی شەعبی کە لقێکە لە سپای تێرۆریستی قودس و وەکوو نوێنەری شێعەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیم لە عێراقە، هەوڵ دەدات بە هەر شێوەیەک بێت، ئەو گرووپە کورسییەکی زۆر بەدەست بهێنێت.

بۆ ئەو کارەش خەریکە بە میلیۆنان دۆلار لە عێراق پارە بۆ پڕوپاگاندەی هەڵبژاردنەکە خەرج دەکات و تەنانەت لە نێو ئێرانیشدا خەریکی پڕوپاگاندە کردنە و بە سازکردنی بەرنامەی تەلفزیۆنی و بەنێر هەڵواسین لە هەندێک لە شارەکانی ئێراندا پڕوپاگاندە بۆ هەڵبژاردنی عێراق دەکات.

کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی ناوچەکە، زۆرجار هۆشداریان بە ڕێژیم داوە، کە دەست لە دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە هەڵ بگرێت، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە لەکیسدانی سەرمایەی وڵاتی ئێران کە خەڵکەکەی لە قەیراندا دەژین، لە ناوچەکەدا خەریکی تەڕاتێنی سیاسییە.