کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠٩ دەشت و ٤ شاری گەورەی ئێران لەگەڵ مەترسیی ڕۆچوونی زەوی بەرەوڕوون

12:22 - 18 پووشپەڕ 2721

''عەلی بەیتوڵڵاهی'' بەرپرسی کۆمیتەی ڕووداوە سروشتیەکانی ئێران بەنیسبەت مەترسیی گیانی و لێکەوتەکانی ژینگەیی، ژێرخانەکان و پیشەییەکان بەهۆی ڕۆچوونی زەوی لە ٦٠٩ دەشت و ٤ شاری گەورەی ئێران هۆشداریی دا.

ناوبراو باسی لەوە کردووە هەموو ئەو ٦٠٩ دەشتە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوه ژێرزەوییەکان لەگەڵ دیاردەی ڕۆچوونی زەوی بەرەوڕوون.

بەوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیتەی ڕووداوە سروشتییەکان ڕۆچوونی زەوی لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان، کرمان و مەشهەد لە ئارا دایە و دەبێتە هۆی لێکترازانی بیناکان و هێڵەکانی لولەی ڕاگوستنی نەوت و گاز و پچڕانی بەرق.

هەر لەو پێوەندییە حەوتووی ڕابردوو دامەزراوەی ''ئینتێل لەب'' کە گرووپێکی ڕاوێژکاری زانیارییەکانە، بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنەی ماهوارەیی، ڕۆچوونی زەوی لە دەورووبەری تارانی بە ''بۆمبێکی کاترمێریی بێدەنگ'' وەسف کردبوو و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ١٣ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی زانیوە.

بە وتەی کارناسان بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئاوە ژێرزەوییەکان هۆکاری سەرەکی ڕۆچوونی زەوییە و ئەم دیاردەیە قەیرانی گەورەی بەدواوە هەیە.