کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی وتەکانی محەممەد نەزیف قادری لە رێوڕەسمی ٢٢ی پووشپەڕ لە سلێمانی

16:31 - 15 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: محەمەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی بە بۆنەی ٢٥ ساڵەی شەهیدکرانی دوکتور قاسملو‌و هاوڕێیانی وتارێکی پێشکەش کرد.

دەقی وتارەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست !
خوشک و برایانی بەڕێز!
بەشداربوانی هێژا!
زۆر بەخێربین

بەڕێزان ئەم رۆژە لێرە کۆبووینەتەوە، رێز لە یەکێک لە رێبەرانی گەورەی گەلەکەمان، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەستێرەی پرشنگداری ئاسمانی خەباتی بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات و هاوڕێیانی کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و د. فازڵ رەسووڵ تێکۆشەری رێگای ئازادیی کوردستان کەلە پیلانێکی دژ بە گەلی کوردی رێبەرانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژی ١٣ ژوویەی ١٩٨٩ی زایینی بەرانبەر بە ٢٢ پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی لە شاری ڤییەن پایتەختی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو ‌و بێ بەزەیی‌یانە شەهید کران و لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی کورد گیانی شیرینیان پێشکەش کرد.

بەڕێزان!

ئیزنتان لێ دەخوازم لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پڕ بەدڵ بە خێرهاتنتان بکەم و سپاسی بەشداریتان بکەم.

پێکهاتنی ئەم کوڕە، کە بۆ ٢٥مین ساڵڤەگەڕی ئەم رووداوە تاڵەیە، لەلایەکەوە رێز گرتن و بەرزنرخاندنی خەبات و تێکۆشانی رێبەری گەورەمان د. قاسملوو و هاوڕێیانیەتی و ئاوڕدانەوەیە بە مێژووی پڕ لە سەروەریی ئەم رێبەر هەڵکەوتووەی رێگای ئازادیی کوردستان لە لایەکی دیکەیشەوە دەربڕینی رق و بێزارییە لە تیرۆریزم و رێبەرانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە تیرۆرکردنی تێکۆشەرانی رێگای ئازادیی ئێران و کوردستان فرچکیان گرتووە.

خوشک و برایانی هێژا!

دوایی کۆتاییهاتنی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، رێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رواڵەت بۆ چارەسەریی پرسی کورد پێشنیاری وتووێژیان لەگەڵ رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و پاش لێکدانەوەی کۆمیتەی ناوەندی ئەرکی ئەم پرسە بە سکرتێری گشتی حیزب د. قاسملوو ئەسپارد و لە سەرەتای هاوینی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بۆ ئەم مەبەستە سەفەری ئورووپای کرد ‌و لە شاری ڤییەن لەگەڵ کاک عبدوڵڵا قادری ئازەر و د. فازڵ رەسووڵ لەگەڵ هەیئەتی بە نێو وتووێژی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کۆبوونەوە ‌و پاش چەند کاتژمێر لە دانیشتنەکەیان کەوتنە بەر دەسڕێژی دیپلۆمات تیرۆریستەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ‌و شەهیدیان کردن و رێبەرانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە گەورەیە دەرحەق بە گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە روخساری دژی مروویی خۆیانیان دەرخست.

بە بڵاوبوونەوەی ئەم رووداوە تیرۆریستییە، کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان، رێبەرانی وڵاتانی دێموکراتیک و پێشکەوتوو ‌و راگەیەنە گشتییەکان ئەم جینایەتەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و داوایان لە دەوڵەتی ئوتریش کرد تاوانبارانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بگرن و سزایان بدەن، بە داخەوە لەگەڵ ئەوە هۆڤیەتی تیرۆریستەکان لە هیچ کەس و لایەنێک شاراوە نەبوو، بەرپرسانی سیاسی و یاسایی و ئەمنییەتیی وڵاتی ئوتریش هەتا ئاستی سەرەوەیان لە بەرانبەر ئەم تاوانەدا هیچ هەنگاوێکیان هەڵ نەگرت و تیرۆریستەکانیان ئیسکورت کرد و رەوانەی تارانیان کردنەوە و خوێنی ئەم پۆلە تێکۆشەرانەیان کردە قوربانی سات و سەودای ئابوورییان، ئەو بێ‌هەڵوێستی و چاونووقاندنەی دەوڵەتی ئوتریش لە بەرانبەر ئەو تاوانە گەورەیەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بڕیاردەرانی ئەو جینایەتە دڵتەزێنە. هەست و هزری تەواوی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی لە سەرتاسەری دونیادا هەژاند و بەشێکی بەرچاویشیان لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئوتریش و نووسەران و هەواڵنێرانی ئەو وڵاتە بوون کەلە نزیکەوە ئاگاداری ئەنجامدانی ئەو تاوانە بوون.

بەڕێزان!

دوکتور قاسملوو هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بۆ رێبەرانی رێژیم ئامانج بوو، خومەینی بە ئاشکرا بەداخبوونی خۆی لەوە دەربڕی کە نەکەوتووە داویان و شەهیدی بکەن، ئەو هەوڵانەی رێبەرانی رێژیمیش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە دوکتور قاسملوو و هەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا و هەم لە ئاستی ئێران و کوردستاندا خاوەنی جێگە و پێگەیەکی بەهێزی سیاسی بوو و هەڵگری بیر و باوەڕێکی پێشکەوتوو و ئاشتیخوازانە بوو و هەوڵی ئەدا دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران بەلاڕێدا نەچێ ‌و سیستمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا سەقامگیر بکرێ‌ کە ئازادی و دێموکراتی و دادپەروەری و دابینکردنی مافی سیاسی و نەتەوەیی‌یەکانی گەلانی ئێرانی بە دواوە بێ ‌و گیانی پێکەوە ژیانی لەگەڵ بێ‌، ئەم روانینە پێشکەوتوانەی لەگەڵ بنەما فیکری و سیاسییەکانی رێژیم و رێبەرانی بە تەواوی جیاواز بوو هەر بۆیە ئەم پیلانە شوومەیان دەرحەق بەم مرۆڤە ئاشتیخوازە و هاوڕێیانی بەڕێوە برد.

بەشداربوانی هێژا!

هەر وەک ئاماژەم پێکرد دوکتور قاسملوو خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بوو، لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕیدا، دەرخەری توانا و ئیرادەی قایمی ئەم رێبەرە هەڵکەوتووە بوون.

ئیرادەی خەباتگێڕی یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانیەتی ئەگەر مێژووی خەباتی سیاسیی ئەم رۆڵە تێکۆشەرە هەر لە دەسپێکی بەشداری کردنی لە جووڵانەوەی نەتەوەیی ـ دێموکراتێکی گەلی کورد بە رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان چاو لێ‌ بکەین، لە سەردەمی کۆماری جوانەمەرگی کوردستانەوە دێتە ریزی خەباتگێڕانی حیزبی دێموکرات ‌و لە قۆناغە هەستیارەکانی دوای رووخانی کۆمار، وەک کادرێکی هەڵکەوتوو، خەباتی سیاسی و نهێنی دەست پێ دەکا و دەبێتە کادرێکی هەڵسوور و بە ئەزموون و لە قۆناغی بزووتنەوەی خۆماڵی کردنی نەوتی ئێران و لە سەردەمی دوکتور موسەدیق، لە دەیەی ٣٠ی هەتاویدا، دوکتوور قاسملوو لە شارەکانی ورمێ‌، تەورێز و تاران دەبێتە یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بزووتنەوەی کوردستان وەک رێبەر و رێکخەرێکی بەتوانا تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات رێبەری و رێنوێنی دەکا.

دوای ئەو قۆناغە ‌و پاشەکشەی پرۆسەی دێموکراسیخوازیی گەلانی ئێران و سەرکەوتنی کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی و هێنانەوەی حەمەڕەزا شای پەهلەوی لێکدانەوەیەکی سیاسیی لەسەر پرسی کورد و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێوەندی رێکخراوەیی لەگەڵ حیزبی توودەی ئێران کرد و لەگەڵ پۆلێک لە هاوبیرانی لە ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی سەربەخۆیی سیاسیی رێکخراوەیی حیزبی دێموکراتیان لە حیزبی توودە راگەیاند و خەباتی سیاسی و رێکخراوەیی حیزب کەوتە سەر رێبازێکی نوێ.

دوای ئەو بار‌ودۆخە هەستیارەیش د. قاسملوو بۆ پاراستنی بنەما سیاسی و رێکخراوەیی‌یەکانی حیزب لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگ رووبەڕوو بوو، بەڵام بەو ئیرادە قایمەی بەسەر تەواوی ئەو بارودۆخە زاڵ بوو و لە کۆتاییدا کۆنفرانسی سێیەمی حیزبی پێکهێنا‌و بە داڕشتنی پەیڕە و پروگرامێکی پێشکەوتوو و بەرنامەیەکی سیاسی کە رەنگدانەوەیەک بوو لە بارودۆخی ئەو کاتی ئێران و کوردستان و جیهانبینیی نوێ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی خستە سەر رێبازێکی مودێڕن، رێبازێک هەتا ئیستایش جێی شانازی رۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کوردە.

روانگەی د. قاسملوو لەسەر پرسی کورد

د. قاسملوو لە کتێبە مێژوویی‌یەکەیدا کوردستان و کورد زۆر کارناسانە ئەم پرسەی تاوتوێ کردوە، لەسەر یەک نەتەوە بوون و یەک نیشتمان بوونی کورد و کوردستان و رۆڵی مێژوویی ئەم نەتەوە دێرینەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاڵوگۆڕ سیاسییەکان جەختی کردووەتەوە.

تەواوی هەوڵەکانیشی بۆ دەربازکردنی ئەم پرسە گرینگە لە چوارچێوەی سنوورە دەسکردەکانی وڵاتانی داگیرکار، نێونەتەوەیی کردنی پرسی کورد بوو لەو بوارەیشدا بە کردنەوەی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب لە پاریس و پێوەندیگرتن لەگەڵ دەوڵەتان و ئەحزابی پێشکەوتوو ‌و کەسایەتییە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و نووسەران و هەواڵنێران و پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە لەسەر پرسی کورد و شوێندانەریی هەڵویستی مرۆڤدۆستانەیان لە بەرانبەر تاوانەکانی رێژیمە داپڵۆسێنەرەکانی حاکم بەسەر کوردستان، جێی سرنجن هەوڵ و هەڵویست و هاوکاریی کەسانی وەک فەرانسوا میتران و د. برنارد کوشنر و ناوەندی مرۆڤدۆستانەی فرانس لیبرتی و رۆڵی خاتوو دانیل میتران ‌و هەڵویستی رێکخراوی نێودەوڵەتی ئینترناسیۆنالیست سوسیالیست و بڕیارنامەکانی لەسەر پرسی کورد، بەشێکی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی د. قاسملووی نەمر.

وەک بیرمەندێکی بە توانا لە بواری نەزەریشدا

د. قاسملوو یەکێک لەو دەگمەن کەسانە بوو، کە لەسەر مەکتەبە فیکرییەکان لێکۆڵینەوەی دەکرد ‌و خاڵە بەهێز و لاوازەکانیانی دەستنیشان دەکرد و لەو باوەڕەدا بوو، هەر رێبازێکی فیکری گرینگی بە دێموکراسی و دادپەروەری بدا دەتوانێ گەشە بکا و متمانەی کۆمەڵانی خەڵک وەرگرێ و لەو باوەڕەدا بوو یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی روانگەی سوسیالیزمی یەکیەتیی سوڤیەتی پێشوو نەبوونی دێموکراسی ‌و دادپەروەری بوو ‌و هەر بۆیە نەیتوانی بەردەوام بێ و لە کۆتایدا هەرەسی هێنا.

بۆ زیاتر شیکردنەوەی ئەم پرسی گرینگە دەتوانین ئاماژە بە بیرۆکەی سوسیالیزمی دێموکراتیک بکەین کە لەو کاتەدا ئەو بیرۆکەیە خستە بەرباس زۆر کەس بۆیان نامۆ بوو، بەڵام دوای نەزەریەی گلاسنوست و پروستریکا لەلایەن میخاییل گۆرباچۆف هاتە بەر باس و کەموکۆڕییەکانی ئەو سیستمەی باس کرد، وردبینی ‌و بلیمەتی ئەم بیرمەندە گەورەیەی دەرخست، د. قاسملوو، هەر لەسەر ئەم بیر‌وباوەڕە پێشکەوتوانەی و هەڵوێستی ئازادیخوازانەی زۆرجار تووشی پەرتەوازەیی و ئاوارەیی بووە لە بەهاری ١٩٦٨ی زایینی لە کاتی هێرشی لەشکەری سوور بۆ گرتنی وڵاتی چکوسلۆڤاکی ئەو کات لە سەردەمی ئەلکساندر دوبچیکدا بە هۆی مەحکووم کردنی ئەو هێرشە و سیاسەتی دەستێوەردانی سۆڤیەت، لەو وڵاتە دوور خرایەوە و ئەم هەڵویستە سیاسییەی ئێستایش وەک جێی سرنجی کەسایەتییە سیاسییەکانە و بە بایخەوە چاوی لێدەکەرێ.

خاڵێکی دیکە لە روانگەی د. قاسملوو و دیپلۆماسیەتی ئەم رێبەرە بلیمەتەوە گرینگی پێ ئەدرا، سیاسەتی دەستێوەردانی کۆمەڵی نێونەتەوەیی بوو و بە ئامانجی پاراستنی ئەو نەتەوە ‌و کەمایەتییە ئایینییانەوە کە لەلایەن رێژیمە دیکتاتۆرەکانیانەوە مەترسی لە بەین بردنیان لەسەرە ‌و بەرانبەر بە ئەوان سیاسەتی ژینۆسایدیان لەپێش گرتووە، یەکەمین نۆبەرەی ئەم سیاسەتەیش داوای بۆ پێکهێنانی کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لەسەر پرسی کورد لە وڵاتی فەڕانسە بوو دوای کارەساتی شیمیایی بارانی هەڵەبجە ‌و لەسەر هەوڵی دۆستانی فەڕانسەویی لە ساڵی ١٩٨٩ گیرا، بە داخەوە دەستی رەشی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێران مەجالی نەدا بۆ خۆی بەشدار بێ، بەڵام کۆنفرانسەکە بە بەشداری کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی لە ئاستی جیهانی و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و بەشێک لە رێبەرانی کورد بەسترا، بە ناوی ئەم رێبەرە گەورەیە ناودێر کرا.

بەگشتی خاڵی سەرەکیی لە دیپلۆماسی د. قاسملوودا باوەڕ بەخۆ بوون و هەوڵدان بۆ خستنە بەرباسی پرسی کورد، وەک فاکتەرێکی سەربەخۆ ‌و بە دوور لە هەر چەشنە ململانێیەکی فیکریدا بوو، هەر لەو پێوەندییەدا، پێداگری لەسەر هەڵبژاردنی تاکتیک گەلێک بوو کە سیمایەکی شارستانییانە لە پرسی کورد بە رای گشتی بناسێنن و دوور بن لە هەر چەشنە کردەوەیەکی توند‌وتیژی و لە خزمەت پاراستنی بەها مرۆیی‌یەکاندا بێ.

لە بواری پێوەندیش

د. قاسملوو هەوڵی ئەدا لە ئاستی سەرانسەری ئێران، بەرەیەکی دێموکراتیک لە هەموو هێزە دێموکرات و نەتەوەیی و چەپە پێشکەوتووخوازەکان پێکبێنێ، هەر لەو پێوەندییە هاوکاری هێزە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی بە زەرووریەتێکی مێژوویی دەزانی و بنەمای پێوەندییەکانی حیزبی لەگەڵ ئەو حیزب و لایەنانە کە لەسەر دوو ئەسڵی گرینگ باوەڕ بە دێموکراسی و باوەڕ بە چارەسەریی پرسی نەتەوەیی ‌و لەسەر بنەمایی رێزی بەرانبەر دانابوو.

لەگەڵ حیزب و لایەنە کوردستانییەکانیش

روانگەی د. قاسملوو ئەوە بوو، پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و باڵاکانی گەلی کورد، پێوەری بنەڕەتی بێ ‌و لایەنە سیاسییەکان لەهەر کام لە پارچەکانی دیکە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئیرادەی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان رێک بخەن و لە پێوەندییەکانیشیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سنوودار بێ و لەسەر حیسابی جووڵانەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان نەبێ و لە ئاستی نێودەوڵەتیش سەرکردایەتی کورد هەڵگری یەک گوتاری نەتەوەیی بێ، بە خۆشییەوە ئەوە پرنسیپێکە ئێستا بە کردەوە هەستی پێدەکرێ، بەخۆشییەوە ئەو پرنسیپە ئیستا بووەتە فاکتەرێکی شوێندانەر لەسەر دیپلۆماسیەتی کورد.

خوشک و برایانی بەڕێز!

باسکردن لەسەر د. قاسملوو و خزمەتەکانی بە بزووتنەوەی کورد و رۆڵی مێژوویی و کاریگەری لە رێکخستنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دیاریکردنی بنەما سیاسی و رێکخراوەیی‌یەکانی ئەم حیزیە، دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە هەڵدەگرێ، بە گشتی دەتوانم بڵێم پێداگری لەسەر گرینگیدان بە رێکخستن، نهادینەکردنی دێموکراسی و بایەخدان بە هەڵبژاردن لە ئورگانیزاسیۆنی حیزبی، پەروەردە کردنی هێزی مرۆیی لە حیزب، باوەڕ بە رێبەری بە کۆمەڵ، ‌و بەرزنرخاندنی خەباتی ژنان و بەها مرۆیی‌یەکان، رەدی هەر چەشنە کردەوەیەکی توند‌وتێژی و پشت بەستن بە بنەماکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رەچاو کردنی پرنسیپی دیالۆگ بۆ بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئازادی و دابینکردنی مافە سیاسی و نەتەوەیی‌یەکانی گەلی کورد و پێکەوەژیان لەگەڵ گەلانی ئێران و ناوچە، لە پرنسیپە باڵاکانی ئەم رێبەرە مەزننەی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن.

بەڕێزان!

یەکێکی دیکە لە قوربانییانی کارەساتی دڵتەزینی ڤییەن کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ‌و نوێنەری حیزب لە ئورووپا بوو، کاک عەبدوڵڵا لە ماوەی خەبات و تێکۆشانی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا وەک کادرێکی بە وەجی حیزب گەلێک خزمەتی بە ئامانجەکانی گەلی کورد کردووە، وەک نوێنەری چالاکی حیزب لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی ئێران و جووڵانەوەی مافخوازیی گەلانی ئێران رۆڵی سیاسی بەرچاوی گێڕاوە، بەداخەوە لەو پیلانە تیروریستییەدا شەهید کرا ‌و گیانی لە رێگای ئازادیی گەلەکەیدا بەخت کرد.

شەهیدی دیکەی ئەم رووداوە دژی مرۆڤایەتییە، کاک د. فازڵ رەسووڵ مامۆستای زانکۆ و کەسایەتی ناسراوی شاری سلێمانی و دۆستی لە مێژینەی د. قاسملوو بوو، ئەم رووناکبیرە نیشتمانپەروەرەی گەلەکەمان پێوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ حیزب ‌و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بوو ‌و هەوڵی ئەدا بە هەر شێوەیەک بۆی بکرێ هاوکارییان بکا هەر لەسەر ئەم بیرۆکە نەتەوەیی‌یەش بوو بە قوربانی سیاسەتەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەشداربوانی هێژا

دوای تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ لەم رووداوە دڵتەزێنە، هێشتا دەوڵەتی ئوتریش نەیتوانیووە، وەڵامی رای گشتی و حیزب و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و بنەماڵەی سەربەرزی ئەم پۆلە شەهیدە بداتەوە، ئێمە لەم رێوڕەسمەدا جارێکی دیکە رووی قسەمان دەکەینەوە، هەموو ئەو رێکخراوە نێونەتەوەیی و کەسایەتییە مرۆڤدۆستانە، لە هەوڵەکانیان بۆ بەدواداچوونی کەیسی ئەم تاوانە سامناکە و ناساندنی بڕیاردەرانی ‌و بە سزاگەیاندنیان بەردەوام بن و مەجال نەدەن رێبەرانی تاوانباری رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئەم جینایەتە گەورەیەدا بێ وەڵام بمێنەتەوە.

بەڕێزان!

هەر وەک دبینن ئەم رێژیمە دژی گەلییە، بێجگە لە تیرۆر و تاوان ‌و ئازار و ئەشکەنجەی رۆڵە مافخوازەکانی گەلانی ئێران‌و بە تایبەت رۆڵە خەباتگێڕەکانی کورد، هیچ دیاریەکی دیکەی پێ نەبووە، رێبەرانی ریاکار و چەواشەکاری ئەم رێژیمە هەر جارێک بە شێوەیەک، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات کۆمەڵێک قەوڵ و قەرار بە خەڵک ئەدەن لە مەیدانی کردەوەدا دەچنەوە سەر ئەو هێلە سیاسییە داپڵوسێنەرە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە کۆمەڵانی خەڵکی پێ‌ ئازار ئەدەن، دواین کەسیان حەسەن رووحانییە کە چەواشەکارییەکانی لە کەس شاراوە نییە و لە ماوەی دەسەڵاتداریەتییدا رێژەی ئیعدامەکان لە رابردوو زۆر زیاتر بووە و خەڵک لە بواری ژیان ‌و گوزەران و خزمەتگوزاریدا ژیانیان تاڵتر بووە و گرانی ‌و بێکاری و بێ هیوایی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، سیاسەتی نکۆڵی کردنیش لە شوناسی نەتەوەیی گەلانی مافویستی ئێران و سووکایەتی کردن بە فەرهەنگ و کولتووریان بووەتە سیاسەتی نەگۆڕی ئەم رێژیمە. لەبەرانبەر ئەم وەزعە شپرزەیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبینین بزووتنەوەی مافخوازیی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان رۆژ لەگەڵ رۆژ رێگای سەرکەوتن و پێشکەوتن تێدەپەڕێنێ و گەلی کورد هەنگاوی خێرا بۆ گەیشتن بە سەروەری نەتەوەیی هەڵ دەگرێ.

خوشک و برایانی هێژا!

حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، دوای ئەو کارەساتە دڵتەزێنە و چەند رووداوی ناخۆشی دیکە، پێچەوانەی بۆچوونەکانی سەرانی رێژیمی تاوانباری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پەیڕەوی لە رێبازی رێبەرانی شەهید پێشەوا و قازی محەممەد، د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی هەروا لە گۆڕەپانی جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورددا چالاکانە خەبات دەکا و رێبەری بە ئەزموونی ئەم حیزبە تێکۆشەرە توانیویەتی رۆڵی شوێندانەری خۆی لەم بزووتنەوەیەدا بگێڕێ و هەروەها جێی هیوا و ئۆمیدی کۆمەڵانی ئازادیخوازی کوردستان بێ، ‌و لەرێوڕەسمی ٢٥مین ساڵیادی شەهیدبوونی رێبەری گەورەمان د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، لەگەڵ گیانی پاکیان بەڵێن و پەیمان نۆێ دەکەینەوە هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانیان درێژەدەری رێگا و رێبازی شۆڕشگێڕانەیان بین.

سڵا‌و لە گیانی پاکی د. قاسملوو و هاوڕێیانی
مەرگ و نەمان بۆ رێژیمی تیرۆریست پەروەری کۆماری ‌ئیسلامیی ئێران
سەرکەوێ بزووتنەوەی مافخوازیی گەلی کورد