عەلی سۆرانی
لە دوای ڕووخانی دیکتاتۆریەتی پاشایەتی پاڵەوی و هاتنەسەر کاری دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێبەندانی پەنجاو حەوت، تا ئێستا زیاتر لە سێ جین هەڵبژاردنی جۆرواجۆر بەڕێوەچوون. لە بەڵێ یان نا بە کۆماری ئیسلامی هەتا هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوو، کە هەر هەموویان ساختەیی و فەرمایشیی بوون؛ هەر بۆیە لە هیچکام لە بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا پێوەرە دێموکراتیکەکان بەدی ناکرێن و هیچ پڕەنسیپێکی دێموکراتیکی تێدا ڕەچاو نەکراوە و توخمی نفاق و دووبەرکی لێ بەدەر، هەڵبژاردنەکانیان ئاداری بەسەر پادارەوە نەبووە. بەداخەوە تەنیا لە توخمی دووبەرەکینانەوە لە هەندێ حاڵەت و هەندێ ناوچەدا خەڵکیان ڕاکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان کردووە. لەپاڵ ئەمەدا زۆر بێشەرمانە لە ئەهرۆمی زۆر و هەڕەشە و نانبڕینی خەڵکی بێدەرەتان و هەژاریش کەڵکاوەژوویان وەرگرتووە بۆ ئەوەی سەفەکانی دەنگدان درێژ بن. لەتەنیشت ئەم دوو خاڵەدا، بەردەوام لە چاشنی فریو و هەڵخەڵەتاندنی بیروڕای گشتیش کەڵکیان وەرگرتووە، وەک دوایین گوتەی خامنەیی کە دەڵێت: ئەوانەشی کە منیان خۆش ناوێ لەبەر ئەمنییەتی ئێران بێن دەنگ بدەن.
ئەم یارییە دزێوە بە درێژایی ئەم چل و یەک ساڵە بەردەوام و ساڵەوساڵ خۆی لە ڤێرژێنی نوێدا ئاپدەیت کردووەتەوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە گاڵتەجاڕی دەستەمۆسپێنیی لەباتی هەڵبژاردن چیدی لە ئێستادا بابەتێکی نامۆ نییە و دیکتاتۆرە ملشۆڕەکەی ئێران خۆی ئێستا باش دەزانێ کە خەنەکەی بێ ڕەنگە و دەنگدان لەم خولەدا، ڕەواییدانە بە سەرکوتی سیستماتیکی ئازادی لە جوگرافیای داگیرکراو لە لایەن دیکتاتۆرەوە.
بۆیە وامەزەندە دەکرێ پاش چل و یەک ساڵ هەژاری و برسیەتی و ئێعتیاد و ئێختلاس و فەسادی فرەڕەهەند و کوشتاری بێبەزییانەی ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییانە، کاری حکوومەت و دەست و پێوەندییەکانی بۆ ڕاکێشانی جەماوەری خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، لە چاو جاران ئەستەمتر و زەحمەتتر بێت.
چ بمانهەوێ و چ نەمانهەوێ، بیروڕای گشتیی وڵاتانی ڕۆژاوایی دەکەونە ژێر کاریگەریی و شوێندانەریی ژمارەی بەشداربووانی هەڵبژاردن بۆ دانپێدانان و ڕەوایی بەخشین بە دەسەڵاتی وڵاتێک. هەر چەند ئێستاکە ئیدی تا ڕادەیەکی بەرچاو، وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکا، قەناعەتیان بەم بابەتە هێناوە، کە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا دێموکراتیک نییە، بەڵکوو بە هۆی زۆرەملێ و فرتوفێڵەوە خەڵک ڕاکێشی سەر سندووقەکان دەکەن و گەر لەباتی چل میلیۆن، چوارسەد میلیۆن خەڵکیش لە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەشداری بکەن، هیچ لە نێوەڕۆکی بابەتەکە کە هەمان مایەپووچبوونی ئەو ڕێژیمەیە ناگۆڕێ.
بەڵام لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا، ئەوە ئەرکی نیشتمانیی و ئینسانیی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای فرەچەشنی ئێران و کوردستانە کە نەبن بە بەشێک لە پیلان و پلانەکانی ڕێژیم بۆ ڕەواییبەخشین بە درێژکردنەوەی تەمەنی دیکتاتۆر. چونکە دەنگدان لەم خولەدا، دەنگدانە بە تاقمێکی مافیایی کە بوونەتە نەهامەتییەکی ئێجگار مەزن بۆ ئاشتیی و ئارامیی ناوچەکە و جیهان و بەگشتیی دەنگدان بە ڕێژیمێکە کە جگە لە مەرگ و نەمان هیچ ئایدیا و ئامانجێکی نییە.
گەر چاوێ لە میراتی چل و یەک ساڵەی ئەم ڕێژیمە بکەین، جگە لە نەهامەتی و چەرمەسەری هیچی دیکەی تێدا نییە. خۆکوژی، هەژاری، دزی، جینایەت، کوشت و کوشتار، ئاوارەبوون، زیندان و ئەشکەنجە، ئێعتیاد و موخەددر، کارتۆنخەویی، بێ خانومانی، مایەپووچی و تەڵاق و خەمۆکی و دەیان و سەدان حاڵەتی دیکەی خەساری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، دیسان ئەمەمان پێدەڵێنەوە، دەنگدان لەم ڕێژیمەدا، دەنگدانە بۆ کۆیلەتی.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.