کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر نەتەوەی ئازەری لە ئێراندا

13:57 - 31 خاکەلێوه 2720

لە بەرنامەی "سبقەت" کە لە کاناڵی یەکی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێراندا بڵاو دەبێتەوە بەهۆی ئەویکە بێژەری بەرنامەکە زمانی فارسی وەک زمانێکی کەمینە دەناسێنێت، تووڕەیی فارس زمانەکانی لێکەوتووەتەوە.

فارس زمانەکان هێرشیان کردووەتە سەر دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران کە دەبێ ئەو بێژەرە سزا بدرێت.

بێژەری ئەو بەرنامەیە زمانی فارسی وەک زمانێکی کەمینە ناو دەبات.

ڕێژیمی ئێران لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەگی "پان ترکیسم''ی بەکارهێناوە.

هاوکات لەو هەواڵەدا هاتووە زمانی فارسی زمانی ٥٠ ملیۆن له خەڵکی ئێرانە و زمانی کەمینە نییە؛ ئەوەش لە حاڵێکدایە لە ئێراندا ٥٠ملیۆن فارس‌زمان بوونی نییە.

هێنانەوەی تەگی "پان ترکیسم" لەو هەواڵەدا خۆی نکۆڵی‌کردنە لە نەتەوەی ئازەری لە ئێراندا و بێ‌ڕێزی بەو نەتەوەیە.

لە ئێراندا زمانی فارسی بەسەر نەتەوەکانی ئێراندا سەپێندراوە و ڕێژیمی ئێران نەتەوەکانی دیکەی ئێران وەکوو کەمینە ناو دەبات.

لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران بەهایەک بۆ زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دانانێت و ئەدیبان و چالاکانی بواری ئەدەبیی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە تۆمەتی تێکدانی بیروڕای گشتی دەسبەسەر دەکات.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران بەردەوام دژی نەتەوەکانی ئێران بە شێوەیەکی نەهادینەکراو کار دەکات و هیچ ئەخلاقێکی میدیایی بەرچاو ناگرێت.